رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر هاوبەشێک دەیەوێت کارەباکەی بکرێتە پریپەید پەیوەندییان پێوەبکات.
رۆژی دووشەممە، 04-12-2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای هەولێر، سلێمانی و دهۆک کردووە و دەڵێت، "هەر هاوبەشێک بیەوێت کارەباکەی بکاتە پریپەید، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای سنوورەکەی بکات و فۆرم پڕبکاتەوە، بۆ ئەوەی کاری پێویستی بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە بۆ بکرێت".
پریپەید، سیستمێکە یەکەی کارەبای تێدایە، بە شێوەیەک کار دەکات کە هاوبەشانی کارەبا لە رێگەی کارتی پڕکردنەوەی باڵانسەوە، کارەبا دەکڕن.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان پێیوایە لە رێگەی سیستمی پریپەیدەوە کێشەی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەبا لەنێوان وەزارەتی کارەبا و هاوبەشانی کارەبا چارەسەر دەکرێت و وەزارەتی کارەبا بودجەیەکی باشتری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لەبەردەستدا دەبێت.
دوای دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، لە هەندێک لە شارەکانی نیشتەجێبوون و بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک؛ سیستمی کارەبای پریپەید (پارەدانی پێشوەختە)ی جێبەجێکرد.
تاوەکو ئێستا چەند جارێک دانیشتووانی بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە کارەباکەیان کراوەتە پریپەید، ناڕەزاییان دەربڕیوە و دەڵێن سیستمەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا؛ بەشێوەیەک، لە سلێمانی نرخی یەک کیلۆوات کارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار و لە هەولێر بۆ 175 دینار بەرزبووەتەوە.
کۆتایی ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "پرۆسەی دانانی سیستمی پریپەیدمان، وەکو هەنگاوێکی ئەزموونی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە، نزیکەی 40 هەزار هاوبەش کارەبایان کراوەتە پریپەید لە کۆی زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار هاوبەش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ