قەیووم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خەلفەتی لە باکووری کوردستان دانران

04-11-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ گەورە شارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانرا. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، چواری تشرینی دووەم) هێزە ئەمنییەکان لە شاری مێردین بەردەم بینای گەورەشارەوانیی شارەکەیان گەمارۆ دا و فەرمانی وەزارەتی ناوخۆیان لەبارەی دانانی قەیووم گەیاندووەتە ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین. 
 
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دانرا.  
 
ئەحمەد تورک، لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، "هەرگیز کۆڵ نادەین و لە خەبات بۆ دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی، هەنگاو بۆ دواوە نانێین. ئێمە رێگە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل نادەین."
 
پارێزگای مێردین دوای بڕیاری دانانی قەیووم، ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌، خێوه‌تهه‌ڵدان و سه‌كۆدانانی بۆ ماوی 10 رۆژ قەدەخە کرد. 
 
لەلایەکی دیکەوە، بەیانی ئەمڕۆ قەیووم بۆ شارەوانیی ئێلیهـیش دانراوە. فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دانانی قەیووم گەیێندراوەتە گوڵستان سۆنووک، هاوسەرۆکی شارەوانی و لە شوێنی ئەو ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ بە قەیووم دانراوە. 
 
لە پارێزگای رووها، قەیووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی دانرا و لە شوێنی محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی خەلفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی خەلفەتی دانرا.  
 
ئەم سێ شارەوانییەی قەیوومیان لەسەر دانراوە، سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)ـن. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی دانانی قەیووم لەسەر ئەو سێ شارەوانییەی دەم پارتی بڵاوکردەوە و تێیدا دۆسیەکانی دژی هاوسەرۆکانی دەم پارتی کە قەیوومیان بۆ دانراون، ریزبەند کرد. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دانانی قەیوومی گەڕاندووەتەوە بۆ؛ سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی ئەحمەد تورک بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" لە دۆسیەی کۆبانێ، دۆسیەی بەردەوامی دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە بەتۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" و، بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مێردین بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی"، کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.   
 
لەبارەی گوڵستان سۆنووک، هاوسەرۆکی شارەوانیی ئێلیهـ، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی ئێلیهـ بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" دراوە، هەروەها ئەو دوو لێکۆڵینەوە جیاوازەی لەلایەن سەرۆکایەتییی داواکاری گشتیی ئێلیهـ بەتۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" و، "ئەندامبوون لە رێکخراو" وەکو پاساوێک بۆ دانانی قەیووم ئاماژەی پێدراوە.   
 
لەبارەی محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردن کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی دیلۆکەوە بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" دراوە، لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی رووها بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" ئەنجامدراوە، وەکو پاساوێک بۆ دانانی قەیووم ئاماژەی پێدراوە. 
 
دەم پارتی: چاوەڕوانی دەستی ئاشتی بووین، بەڵام

دوای بڕیارەکە کاردانەوەی لایەنەکان هەبوو. دەم پارتی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە لە كاتێكدا چاوەڕوانی ئەوە بووین بۆ چارەسەر و ئاشتی دەستیمان بۆ درێژ بكەن، بەڵام ئەوان دەستدرێژییان كردە سەر ئیرادەی گەل."


ئەحمەد تورک: شارەوانی ئێمە داگیرکراوە

 ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین کە سێیەمین جارە قەیووم لە شوێنی دادەنرێت گوتی، شارەوانیی ئێمە داگیرکراوە و رایگەیاند، حکومەت هیچ نیازێکی نییە کێشەی کورد چارەسەر بکات. 

ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە بەیانیی زوو بەرەو بینای شارەوانی بەڕێکەوتن و گردبوونەوە. تیمەکانی پۆلیس ناوچەکەی گەمارۆدا.

ئەحمەد تورک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "شارەوانیی ئێمە داگیرکراوە، ئێمە لەبەردەم دۆخێکداین کە شارەوانی بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە، کاردانەوەی خەڵک ئاشکرایە، ئێمە درێژە بە خەباتی دیموکراسیمان دەدەین. گوتارێک کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سێرت پێشکەشم کردووە کراوە بە پاساو. ئێرە داگیر کراوە و خەڵک سەرکۆنەی دەکەن. گەلەکەمان دژی ئەو تێگەیشتنە ناڕەزایەتی دەردەبڕن کە ئیرادەیان قۆرخ دەکات."
 
ئۆزگور ئۆزەل: لەگەڵ ئەم خراپەکارییەدا چی پێویست بێت دەکرێت

سەرۆکی جەهەپە لەبارەی دانانی قەیووم لەسەر شارەوانییەکانی مێردین و ئێلیهـ و شارۆچکەی خەلفەتی رووها، دەڵێت، ''لەگەڵ ئەم خراپەکارییەدا چی پێویست بێت دەکرێت.''

رۆژی دووشەممە، 04-11-2024، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە لە ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە دانانی قەیووم لەسەر شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و شارۆچکەی خەلفەتی لە رووها، بڵاوکردەوە و گوتی، ''ئەم بەیانییە قەیووم لەسەر ئەحمەد تورک و دوو سەرۆکشارەوانیی هەڵبژێردراو دانرا، کە ئەمانە لە تورکیا ئەگەر باسی ئاشتی بکرێت سێ لە گرنگترین کەسایەتییەکانن.''

ئۆزەل رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت بەوەی قەیووم لەسەر ئەو شارەوانییانەدا دەنێت کە نەیتوانیوە لە هەڵبژاردن بەدەستیان بهێنێت و گوتی، ''هەر چییەک پێویست بێت لەگەڵ ئەم خراپەکارییەدا دەکرێت.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی لەبارەی دواکەوتنی مووچەیان

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست: دەبێت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە مووچەمان دابەش بکرێت

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، ''دەبێت وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی روونکردنەوە بدەن کە بۆچی ئەمڕۆ مووچەمان دابەشنەکرا؟''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''نابێت دابەشکردنی مووچەمان یەک کاژێر لە لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دوابکەوێت.''