رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئاشتەوایی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتەوایی و هەنگاوەکانی خۆڕێکخستنەوەی بزووتنەوەکە بەردەوامن و خاڵە هاوبەشەکانیان لە جیاوازییەکان زیاتربووە.
رۆژی شەممە، 04-11-2023، لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "پرۆسەی ئاشتەوایی و هەنگاوەکانی خۆڕێکخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هاوڕێیانی دەرەوەی پەیکەری رێکخراوەیی، بڕیاری جڤاتی نیشتیمانی لە پێویستییە لە پێشینەییەکانی ئەم قۆناخەی کاری رێکخراوەییمانە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە هەشت مانگی رابردوو لەگەڵ دەیان کاراکتەر و کەسایەتی دیاری گۆڕان کۆبوونەتەوە، دیدار و دانیشتنمان هەبووە و خاڵە هاوبەشەکانمان لە خاڵە جیاوازەکان زیاتر بووە."
لەبارەی دوایین هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکان لیژنەیی ئاشتەوایی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "ئەگەرچی ئەنجامەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانمان وەک پێویست نەچووەتە پێش، بەڵام پڕۆسەی ئاشتەوایی لای ئێمە کۆتایی نەهاتووە و سوپاسی ئەوانە دەکەین بەپیریمانەوە هاتوون، ئەوانەشی لەم قۆناخەدا بە هەر هۆکارێک لەگەڵمان نابن؛ دڵنیاین لە داهاتوییەکی نزیکتردا لە پرۆژەیەکی گەورەتردا بەیەکەوە لە خزمەتی میللەتەکەمان بەردەوام دەبین."
لیژنەکە جەختی لەوەشکردەوە، پڕۆسەی ئاشتەوایی تەواونەبووە و بەردەوامە.
رۆژی 06-07-2023، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی رایگەیاند، بزووتنەوەکە لیژنەیەکی بە ناوی ''لیژنەی ئاشتەوایی'' پێکهێناوە، بۆ ئەوەی کێشەی ئەندامانی ناڕازی چارەسەر بکات و دووبارە خۆی رێکبخاتەوە.
زیاتر لە ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە و هەوڵێکیش هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئەندامە زویربووەکانی بزووتنەوەکە و ئێستاش ''لیژنەی ئاشتەوایی'' بۆ بەدواداچوونی کارەکانی ئاشتکردنەوە و دانوستاندن، لەگەڵ ئەندامە ناڕازییەکان کۆبوونەوە رێکدەخات و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدات.
نزار مەحموود گوتی، ئەم لیژنەیە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ناڕازییان و ئۆرگانەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، ''بۆ ئەوەی بە رێگەچارەیەک بگەین و بتوانین پێکەوە بۆ سەرخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان کار بکەین. لە دوایین کۆبوونەوەشدا گەیشتووینەتە چوارچێوەیەک بۆ کاری پێکەوەیی و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵکی دەنگدەر سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕان.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ