جەیمس تۆرینتن: كۆنسوڵخانەكەمان لە هەولێر گەورەترە لە باڵیۆزخانەكانمان لە زامبیا و بۆلیڤیا

04-11-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆنسوڵخانەی بەریتانیا کوردستان
A+ A-
رووداو- هەولێر

ماوەی چوار مانگە گەیشتووەتە هەولێر، تا ئێستا چوار جار سەردانی سلێمانی كردووە، جارێكیش دهۆكی بینیوە، سەردانی رانیەشی كردووە بۆ بینینی كارەكانی مۆزەخانەی بەریتانی كە تیمێكیان سەرقاڵی هەڵكۆڵینن لە دوو شوێنەواری ناوچەكە.
 
جەیمس تۆرینتن، كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كە شارەزای مێژووی دێرینی كوردستانیشە، لە هەڤپەیڤینێكدا كە چوارشەممەی داهاتوو لە تەلەڤزیۆنی (رووداو) پەخش دەكرێ، قسە لەسەر ئەو دوو شوێنەوارە دەكات. ئەو زۆر پەسنی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدات و دەڵێت "هاوڕێیانە و میواندۆستن"، لەم چوار مانگەدا هێندەی كەباب خواردووە، كێشی زیادی كردووە، لەسەر ئەمە هاوژینەكەی گلەیی لێكردووە. 
 
تۆرینتن پێش ئەوەی ببێتە كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی وڵاتەكەی بووە لە بۆلیڤیا، پێش ئەوەش باڵیۆزی بەریتانیا بووە لە زامبیا. ئەو دەڵێت لەندەن بەگرنگییەوە سەیری هەولێر دەكات، بۆیە وڵاتەكەی خەریكی بنیاتنانی كونسوڵخانەی نوێیە لە هەولێر كە گەورەترە لەو دوو باڵیۆزخانەیەی پێشتر كاری تێدا كردوون.
 
تۆریتن ئاماژە بەوە دەدات كە پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیران و جێگرەكەی و پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام دەیەوێ‌ لە بازنەی سیاسەت بچێتە دەرەوە و خەڵكی زۆرتر لە هەرێمی كوردستان بناسێ‌، بە تایبەتی گەنجان و ژنان: "دەمەوێ لێیان نزیك ببمەوە و هانیان بدەم لە كارەكانیاندا".
 
بەریتانییەكان لە لێدوانەكانیاندا بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە لەگەڵ كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیرن، كونسوڵی بەریتانیا پێیوایە هەرێمی كوردستان تەنیا پێویستە بەردەوام بێت لەوەی دەیكات و دەڵێت: "هەرێمی كوردستان لە بازنەیەكی داخراودایە، بۆیە پێویستی بە دۆستە لە دەوروبەری. بە دیاریكراوی پێویستی بە دۆستە لە باشوور، بۆیە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ بەغدا لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە". بەڵام ئەوەی بەلای تۆرینتنەوە گرنگە، ئەوەیە كە: "هەردوو بەشی هەرێمی كوردستان بە باشی پێكەوە كار بكەن، وەك یەك هەرێم رەفتار بكەن نەك وەك دوو هەرێم".
 
بەبڕوای كونسوڵی بەریتانیا ئەم كابینەیەی حكومەت زۆر بەهێزە، بەڵام تەحەددای گەورەشی لەبەردەمن، لەوانەش رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە و نەوت، چونكە لەوانەیە سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ماوەیەكی كورتدا بگۆڕێ‌، بۆیە پێی باشە تاوەكو عادل عەبدولمەهدی لە دەسەڵاتە رێككەوتنی لەگەڵ بكرێ‌.
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی غێراق بڕیاریداوە دەستوور هەموار بكرێتەوە. كورد نیگەرانن لەوەی ئەو مادانەی كە مافی هەرێمی كوردستانیان چەسپاندووە، دەستكاری بكرێن. ئایا بەریتانیا دەتوانێ چ رۆڵێك ببینێ بۆ ئەوەی دەستكاری ئەو مادانە نەكرێ؟ جەیمس تۆرینتن دەڵێت: "دەستووری 2005 پێگەیەكی دیاریكراوی داوەتە هەرێمی كوردستان. ئەگەر گۆڕانكاری لە دەستووردا بكرێت، پێویستە بە رەزامەندی هەموو عێراقییەكان بێت".
 
حكومەتی بەریتانیا لەگەڵ ئەمریكی و ئەڵمانییەكان پرۆژەیەكی هەیە بۆ رێكخستنەوە و چاكسازی لەناو هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگەدا. سەبارەت بە هەنگاوەكانی ئەو پرۆژەیە، جەیمس تۆرینتن دەڵێت: "چاكسازییەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێت. ئێمەش هاوكاریی تەكنیكی دابین دەكەین. پێمانوایە زۆر گرنگە هێزی پێشمەرگە مۆدێرن بكرێت، ببێتە سوپایەكی كاریگەر، لەژێر كۆنترۆڵی دامەزراوە حكومیەكاندا بێت نەك حیزبە سیاسییەكان".
 
رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2019 سوپای توركیا و چەند میلیشیایەكی سووری كە توركیا پاڵپشتییان دەكات، پەلاماری رۆژئاوای كوردستانیان دا، پاساوی توركیا بۆ پەلامارەكە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامە لە باكووری سووریا بۆ نیشتەجێكردنی ئەو 3 ملیۆن ئاوارە سوورییەی بەهۆی شەڕەوە روویان لە توركیا كردووە.
 
توركیا رووبەڕووی ناڕەزایی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووەتەوە، یەكێك لەو لایەنانەی سەركۆنەی هێرشەكەی توركیای كرد، بەریتانیا بوو. جەیمس تۆرینتن دەڵێت: "ئێمە لە رادەبەدەر نیگەرانین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا. ئێستا كە شەڕ راگیراوە گرنگە بەردەوام بێت. نامانەوێ ئاوارەبوونی خەڵك ببینین".
 
جەیمس دەڵێت ئەوان لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە هەوڵی زۆریان داوە چیدی مەدەنی نەبنە قوربانی، گەمارۆیان خستووەتە سەر رژێمی سووریا، هاوكاری مرۆیی زۆریان پێشكەش بە قوربانیان كردووە، بەدوای ئەوەوە بوون كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی دروست بكەن، بەڵام رووسیا بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەكانیان لە ئەنجوومەنی ئاسایش.
 
دوای كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی قسە لەسەر ئەوە هەیە كە داعش جارێكی دیكە ببێتە هەڕەشە لەسەر ئەوروپا،  جەیمس تۆرینتن ئەو هەڕەشەیە بە دوور نازانێ‌ و دەڵێت: "پێموانییە داعش كۆتایی هابێت. لە عێراق چالاكییە تیرۆرستییەكانی نەوەستاندوون. مەترسییەكە ئەوەیە چاوەڕێ دەكات تاوەكو كاتی گونجاوی بۆ دێتە پێش. بۆیە كاردانەوەی توندمان بەرامبەر داعش بەردەوامە".
 
ژمارەیەك لەو چەكدارانەی داعش كە ئێستا لە زیندانەكانی هەسەدەن بەریتانین، بەڵام  جەیمس تۆرینتن دەڵێت بەریتانیا ئەو چەكدارانە وەرناگرێتەوە و دەڵێت "باشترە دیلەكان لەو ناوچەیە بمێننەوە كە تاوانیان لێ ئەنجامداوە".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسمانی هەوراوی ئەمڕۆی دهۆک. وێنە: نایف رەمەزان - رووداو

کەشناسی: ئەمڕۆ باران دەبارێت و سبەی پەڵەهەور دەبێت

بۆ رۆژی شەممەش 21ـی ئەیلوولی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە: "ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و پەڵەهەوردا دەبێت، پلەی گەرما بە گشتى کەمێک بەرز دەبێتەوە، تەنیا لە سنوورى ناوچەکانى پارێزگاى دهۆک نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ هەینی."