رووداو دیجیتاڵ
بەپێی یاسای سەربازی، چوونی خەڵک بۆ 10 ناوچەی سنووریی شارۆچکەی ئەلباک سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن پارێزگای وانەوە بڵاوکراوەتەوە، 10 ناوچە لە سنووری شارۆچکەی ئەلباک وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ 15 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە رۆژی 3ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 17ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
پارێزگای وان دەڵێت، بە مەبەستی "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان"، ئەو شوێنانە وەکو ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون؛ داوای لە خەڵکیش کرد پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
پارێزگای وان پێشتر بە هەمان پاساو لە 24ی ئەیلوول تاوەکو 9ی تشرینی یەکەم لە سنووری شارۆچکەی شاخ 16 ناوچەی وەکو "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناساند و بۆ ماوەی 15 رۆژ چوونی خەڵکی بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کرد.
سوپای تورکیا چەند مانگێکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە. ئەو شوێنانەی ئۆپەراسیۆنیان تێدا دەکرێت وەک ناوچەی ئەمنی تایبەت رادەگەیێندرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ