رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە هەشت ساڵ، بینای نوێی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرایەوە. هێشتا بینا نوێیەکە ئامادەنییە بۆ کردنەوە و بڕیارە زیاتر لە 10 رۆژی دیکە دەوامی تێدابکرێت، بەڵام راکان جبووری پێداگربوو لەوەی پێش هەڵبژاردن بیکاتەوە.
لە کردنەوەی بینا نوێیەکەدا راکان جبووری هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکرد کە ئەو پرۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیدارەی د. نەجمەدین کەریم. پەیامنێری رووداو کاتێک لە رێڕەوی بینا نوێیەکە دەگاتە راکان جبووری لێی دەپرسێت کە بۆ ئەوەی نەکردووە، بەڵام ئەو دەڵێت، "ئەوە کاری من نییە."
بینای نوێی پارێزگا دەکەوێتە خوارووی کەرکووک، لە ساڵی 2013 لە پانتایی 25 دۆنم زەوی لەلایەن د. نەجمەدین کەریم، بەردی بناخەی دانرا و تاوەکو دەستبەکاربوونی ئیدارەی پێشووی کەرکووک، 85%ـی کارەکانی تەواوببوو.
لەسەر گەندەڵییەکان کە لەو پرۆژەیەدا هەن، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق سکاڵایان تۆمارکردووە و چەند جارێک راکان جبووری و ستافەکەی درانە دادگە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دەستەی دەستپاکی یەکلایی نەکراوەتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە تازە گەڕاوەتەوە گۆڕەپانی سیاسیی کەرکووک، هۆشداری دەدەن زیاتر لە 100 دۆسییەی گەندەڵیان ئامادەکردووە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان و هەوڵی سزادانی راکان جبووری دەدەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کەس هێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان دۆسیەی نییە، بەڵام نەمان ویستووە دۆسییەکان بدەینە دەستێک ئەمین نەبێت، بابەت لەسەرکارلادان نییە، تەنیا ئەو هەموو پارەیەی لەم شارە دزراوە بە گەندەڵی براوە و بە هەدەر دراوە، دەبێ لێپێچینەوە بکرێ لەسەری."
دۆسییەکانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە کارنامەی بانگەشەی لایەنە تورکمانییەکانیشدا هەیە، بەربژێری پارتە تورکمانییەکان "هەوڵ دەدەن کۆی ئەو مەلەفانەی هەن ببێتە هۆکارێک بۆ دوورخستنەوەی پارێزگار و تەواوی ئەوانەی دەستیان تێیدا هەیە."
نەجات حوسێن، بەربژێری رەوتی حیکمە دەڵێت، "تەنیا لەسەرکارلادانی پارێزگار نا، هەر گەندەڵییەک هەبێ لەنێویشیدا پارێزگار، ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە، ئێمە بێدەنگ نابین بەرامبەر گەندەڵکاران لەهەر کوێ بن."
بەهۆی دۆسییەکانی گەندەڵییەوە تاوەکو ئێستا پارێزگاری بەوەکالەت نزیکەی 10 جار بانگهێشتی دادگە کراوە یان تەنانەت فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ دەرچووە. تەواوی ئەو دۆسییانەش پەیوەستن بە خەرجکردنی بودجەی پرۆژەکان و ئەو بڕە پارەیەی لە ماوەی کارکردنی کەوتووەتە ژێر دەستی ئیدارەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ