رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنی پێنجشەممەوە ئاگر لە دارستانەکانی ناحیەکانی خاو و میرئاوای شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و خەڵکی ناوچەکە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تائێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
بەهزاد شەریفی، بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەوە ئاگرەکە لە دارستانەکانی شاری مەریوان کەوتووەتەوە و بۆ کۆنترۆلکردنی، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تائێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەگوتەی شەریفی، ئاگر لە دارستانەکانی گوندەکانی گومارەلەنگ، دەرەوەران و ئاسنەوە کەوتووتەوە و بەرەو شوێنی دیکە تەشەنەی کردووە.
ئەو بەرپرسەی پارێزگای سنە ئاماژە بەوەشکرد، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، هێلیکۆپتەری تایبەت بۆ ناوچەکە نێردراوە و تیمێکی سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای سنەش گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە.
بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی پارێزگای سنە، باسی سەختیی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە کرد و گوتی: "لەبەر ئەوەی ناوچەکە سنوورییە و هەروەها بە ئەگەری هەبوونی مین، کۆنتڕۆلکردنی ئاگرەکە زەحمەتە، بۆیە کەڵک لە هێلیکۆپتەر وەردەگرن."
بەهزاد شەریفی رایگەیاند، هێشتا قەبارەی زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەی ئەمجارە نازاندرێت و تیمەکان هەوڵدەدەن بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە بە زووترین کات ئاگرەکە کۆنترۆل بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ