رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانی 1ی سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ پیاوێک دەرکرد کە لە ساڵی 2019 هاوژینەکەی کوشتبوو. برای ژنەکە دەڵێت، "ئەو پیاوە چەندین جار هەوڵی کوشتنی خوشکەکەمی دابوو."
رۆژی سێشەممە 04-07-2023 دادگەی تاوانی 1ی سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ پیاوێک بەناوی هیوا عەبدولڕەحمان دەکرد کە رۆژی 26-10-2019 هاوژینەکەی بەناوی نەجیبە عەبدولکەریم کوشتبوو.
شۆخان ئەحمەد، پارێزەری راوێژکار و پارێزەری دۆسیەی ژنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دادوەر بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دا و بەگوێرەی مادەی 406 بڕگەی 1، سزای سێدارەی بۆ تاوانبار دەکرد."
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو بڕیارێکی سێدارە ئۆتۆماتیک دەنێردرێت بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوە، بەڵام بە بڕوای ئێمە هیچ گۆڕانکاری لە سزاکەدا روونادات."
بەکر عەبدولکەریم، برای نەجیبە عەبدولکەریم ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خوشکەکەم 2006 هاوسەرگیریی کرد و خاوەنی پێنج منداڵ بوو، کە سێ کوڕ و دوو کچن، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کە هیچ پەیوەندیی بە خوشکەکەمەوە نەبوو، کێشە لەنێوان خۆی و هاوژینەکەی دروستبوو؛ ئەو پیاوە دوای ئەو کێشەیە چەندین جار هەوڵی دا خوشکەکەم بکوژێت."
بە گوتەی بەکر عەبدولکەریم، هاوژینی خوشکەکەی یەکەمجار ویستوویەتی خوشکەکەی فڕێبداتە نێو ئاو، بەڵام لەلایەن منداڵەکانیەوە رێگریی لێکراوە؛ دووەمجار دەست و قاچی شکاندووە؛ دوایین جار لەنێو ماڵی خۆیان بە گولـلە کوشتوویەتی و دەشڵێت، "هەر زوو خوشکەکەمان هێنایەوە، بەڵام خۆی لەبەر منداڵەکان گەڕایەوە لای مێردەکەی، چونکە دەترسا ئازاری منداڵەکانی بدات."
بەکر عەبدولکەریم دەشڵێت، "دوایینجار کە هیوا لە خوشکەکەمی دابوو، منداڵێکی نۆ مانگی لە سکدا بوو، بەڵام بە نەشتەرگەری منداڵەکە رزگار کرا و خوشکەکەم گیانی لەدەستدا."
بە گوتەی بەکر عەبدولکەریم، دادگەی تاوانی 1ی سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هیوا دەرکردووە و دەشڵێت، "هەر چوار منداڵەکەی کە ئەوکات لە ماڵەوە بوون، لە دادگە دانیان بەوەدا ناوە کە باوکیان دایکیانی کوشتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ