رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران رایگەیاند، هاووڵاتییەک بۆ گژوگیای بەهارە چووەتە گوندی زینوێی حاجی ئۆمەران و ونبووە، کوڕی ئەو هاووڵاتییەش دەڵێ 'ئێوارە شوێنەکەی لەڕێگەی gps لە نزیک چۆمان دیاریکراوە، بەڵام هێشتا بێسەروشوێنە.'
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران ئەمڕۆ (شەممە 04-05-2024) بە رووداوی گوت، ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو هاووڵاتییە ونبووە و مۆبایلەکەشی بەردەست نییە.
بە گوتەی بەرگریی شارستانی سۆران، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ چوار هاوڕێی بەمەبەستی کردنی گژوگیای بەهارە سەردانی زینوێی حاجی ئۆمەرانیان کردووە و لە نیوەی رێگە لە هاوڕێیانی دابڕاوە و نبووە.
رەوەند مەغدید ئاماژە بەوەکرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە گەڕان، بەڵام ناوچەکە تەمومژێکی زۆرە.
هاونیشتمانییەکە ناوی حوسێن حەسەنە و تەمەنی 60 ساڵە.
ئازاد حەسەن، کوڕی هاونیشتمانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند لە کاژێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ''ئاگادارکرامەوە کە باوکم ون بووە، بەردەوام تەلەفۆنم بۆ کرد، بەڵام مۆبایلەکەی بەردەست نەبوو.''
ئازاد دەڵێ "کاژێر 05:30ـی ئێوارە تەلەفۆنی هەڵگرت و ناڵە و هاواری دەهات، بەڵام داخرایەوە، لەڕێگەی کۆڕەکەوە بە سیستمی دەستنیشانکردنی شوێن (GPS) توانرا شوێنی مۆبایلەکەی بە دیاریبکرێت، دەرکەوت لە نزیک پەیمانگەی چۆمانە، کە نەخۆشخانەیەکیشی لێیە، بەڵام چووینە ئەوێ، نەبرابووە نەخۆشخانە."
ئازاد حەسەن لەڕێگەی رووداو داوا دەکات، هەرکەسێک باوکی بینیوە، بەو ژمارە تەلەفۆنە (07505054151) ئاگاداریان بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ