رووداو دیجیتاڵ
لە یەک ساڵی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان 7 هاونیشتمانی بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتێک کە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ هەینی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی هۆشیاری لە بەرامبەر مەترسییەکانی مین بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی رابردووی هەتاویدا 28 رووداوی تەقینەوەی مین لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون، بەهۆیانەوە 7 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسیش بریندار و نیڤشکان بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، لە پارێزگای کرماشان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 8 کەس بریندار بوون. هەروەها لە پارێزگای ئیلام دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 6 کەس بریندار بوون. لە پارێزگای ورمێ هاونیشتمانییەک بە تەقینەوەی مین گیانی لەدەستداوە و 5 کەسیش بریندار بوون. لە پارێزگای سنەش سێ رووداوی تەقینەوەی مین روویداوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەس بریندار بوون.
لە شەڕی 8 ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا بەشی زۆری ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مینڕێژ کراون و قوربانیبوونی خەڵک بەهۆی تەقینەوەی مین لە کاتێکدایە، ساڵی 2011 و 2012 لە کرماشان و ئیلام رێوڕەسمی تایبەت بە کۆتاییهاتنی هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان بەڕێوەچووە.
جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان و هەروەها خوزستانیش کە سنووریان لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان و عێراق هەیە، 12 کەس بە تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسیش بەو هۆیە برینداربوون. لە بەلوچستان قوربانییانی تەقینەوەی مین، زیاتر هاووڵاتییانی ئەفغانستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ