رووداو دیجیتاڵ
شەش هاونیشتیمانیی خەڵکی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە "تاوانی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر" لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج لەسێدارەدران.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ (یەکشەممە، 14-01-2024) سزای لە سێدارەدانی لانیکەم شەش بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد لەتیفی، ئەکبەر خوڕەمتاش، ئەمیرحوسێن مەلەکی، عەلی ئەکبەر مورادیان، هادی نەزەری و عەلی میری کە خەڵکی شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەحنە بوون، لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەجی ئێران جێبەجێکرا.
بەندکراوەکان پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرابوون و، لەلایەن دادگەی شۆڕشی کەرەجەوە سزای لەسێدارەیان بۆ دەرکرابوو.
لە ساڵی 2023ـدا 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون و، 151 کەسیان کورد بوون کە دەکاتە 18.34%ـی کۆی ئەوانەی لەسێدارەدراون.
هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەوە (01-01-2024)، لانیکەم سزای لەسێدارەدانی 19 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێکراون.
بەپێی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، لە دوای چین، ئێران ساڵانە زۆرترین کەسی تێدا لەسێدارە دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ