وەبەرهێنەرانی هەڵەبجە چەند پڕۆژەیەک لە پارێزگاکە جێبەجێ دەکەن

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
 تۆڕی میدیایی رووداو دیبەیتێکی بۆ بەشێک لە وەبەرهێنەرانی هەڵەبجە رێکخست
تۆڕی میدیایی رووداو دیبەیتێکی بۆ بەشێک لە وەبەرهێنەرانی هەڵەبجە رێکخست
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە دەڵێت، هەوڵیان داوە "کارگەی زۆر" لە پارێزگاکە دابمەزرێنن و هەلی کاریش بۆ ژمارەیەکی زۆر گەنجی هەڵەبجەیی بڕەخسێنن.  
 
لە 37 ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا تۆڕی میدیایی رووداو دیبەیتێکی بۆ بەشێک لە وەبەرهێنەرانی هەڵەبجە رێکخست کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد. 
 
لە دیبەیتەکەدا شێخ تاهیر عیزەدین، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە گوتی: "ژمارەی دەرچووانی زانکۆ لە هەڵەبجە زۆر زیاترە لە هەلی کار؛ بۆیە دەبێت زانکۆکان گرنگی بە بەشە پیشەییەکان بدەن."
 
شێخ تاهیر عیزەدین گوتی، پڕۆژەی سیتی ستار لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت و زەویشی بۆ تەرخانکراوە کە دەبێتە بازاڕێکی مۆدێرن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە هەڵەبجە وەبەرهێنان بکەن ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
 
هاوکات ئاکام کەمال، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی گرووپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە گوتی، پڕۆژەی وەبەرهێنان و خۆبەخشییان لە هەڵەبجە جێبەجێکردووە و هەلی کاریان بۆ گەنجان رەخساندووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد:"خاکی هەڵەبجە بەپیتە و دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت".
 
ئاکام کەمال باسی لەوەشکرد، بە تێچووی 10 ملیۆن دۆلار پێنج قوتابخانەیان دروستکردووە و کۆمەڵگەی پەروەردەیی ئاسۆ بە تێچووی 7 ملیۆن دۆلار دروست دەکەن.
 
لەبارەی رەخساندنی هەلی کاریش بۆ گەنجان گوتی، لە 1500 کارمەندی کۆمپانیاکە زیاتر لە هەزار کەسیان هەڵەبجەیین و گرنگی بە توانای گەنجان دەدەن.
 
هاوکات سەردار حەمەئەمین، خاوەنی کۆمپانیای دەڵەمەر گوتی، بەشێکی خاکی هەڵەبجە مادەی کانزایی زۆری تێدایە و خاکی هەڵەبجە دەوڵەمەندە و پێویستە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت.
 
سەردار حەمەئەمین گوتی، داوایان لە کۆنسووڵی وڵاتان کردووە وەبەرهێنەرانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە بنێرنە هەڵەبجە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی مۆڵ لە هەڵەبجە پێشکێشکراوە، بەڵام دروستکردنی مۆڵ لە هەڵەبجە رەنگە زیانی زیاتربێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕ دەبێت".
 
هاوکات لوقمان حەمەسەعید، نوێنەری کۆمپانیای چیای نوێ لە دیبەیتی رووداودا بۆ وەبەرهێنەران باسی لەوەکرد: "حکومەت هاوکارمان بووە لە دابینکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانمان و جگە لە پڕۆژەی وەبەرهێنان چەند پڕۆژەیەکمان لە هەڵەبجە خۆبەخشانە جێبەجێ کردووە". 
 
ئەو نوێنەرەی کۆمپانیای چیای نوێ لە بەرنامەکەدا رایگەیاند: "مزگەوت و هۆڵێکی پرسە لە خورماڵ دروست دەکەین؛ تەنیا لە شارەکان پڕۆژەمان نەکردووە و پڕۆژەمان بردووەتە گوندەکان".
 
بەپێی داتاکانی شارەوانی هەڵەبجە، ساڵی رابردوو بە گوژمەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار پڕۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێکراون.
 
سەبارەی بە نەبوونی هۆتێل لە شارەکەدا بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای دیوان گوتی: "پێشتر خەڵکی هەڵەبجە رازی نەبوون خەڵک بچێتە هۆتێل لە شارەکەیان و میواندۆستی خەڵکەکەی هۆکاری نەبوونی هۆتێلە لە هەڵەبجە، بەڵام بڕیارە دوو هۆتێل لە هەڵەبجە دروست بکرێن، چونکە ناوچە گەشتیارییەکان پێویستیان بە هۆتێلە".
 
حاجی عابید هەورامی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای دیوان دەشڵێت، زۆرینەی کارمەندانی کۆمپانیاکەیان لە شارەکانی دیکەش هەڵەبجەیین و زیاتر لە 150 گەنجی هەڵەبجە لە کۆمپانیاکەیان کار دەکەن. 
 
بە گوتەی حاجی عابید: "نابێت تەنیا چاوەڕێی حکومەت بکەین و دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، چەند پڕۆژەیەکی خۆبەخشییان لە هەڵەبجە کردووە و پڕۆژەیەکی گەشتیاری خۆبەخشانە لە خورماڵ دروست دەکەن. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە