ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان کەم و دهۆک 5 مەتر زیادی کردووە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەنداوەکان دەڵێت، سەرەڕای کەمیی بارانبارین، ئەم ساڵ ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک 5 مەتر بەراورد بە پار بەرزبووەتەوە، بەڵام ئاوی بەنداوەکانی دەربەندیخان و دووکان دابەزیوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئاداری 2025، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناتوانین بڵێین ئاستی ئاو بە کەمی دەمێنیتەوە، هێشتا زووە بڕیار لە بڕی باران بدەین، چونکە هێشتا وەرزی بارانبارین کۆتایی نەهاتووە و تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئایاریش باران دەبارێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتی، "بەگشتی لە وەرزی بارانبارینی ئەم ساڵدا، باران کەمتر باریوە بەراورد بە پار، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک 5 مەتر بەرزبووەتەوە."
 
لەبارەی هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخانیش گوتی، "بەراورد بە هەمان کاتی پار، ئاستی ئاویان پێنج مەتر کەمترە، بەڵام دووکان چونکە داهاتی سەرچاوەکانی زیاد ناکات، لەو بەنداوە ئاستی ئاو زیاتر دابەزیوە."
 
ساڵانە ئاوی بەنداوی دووکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوودی لێ وەردەگیرا. رەحمان خانی دەڵێت، "بەرهەمهێنانی کارەبامان لەو بەنداوە وەستاندووە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان باسی لەوە کرد، "ئاستی ئاوی بەنداوەکان ستانداردە و مەترسی لەسەر نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو باران زیاتر باریوە، بۆیە وادادەنرێت کە ئەمساڵ وشکەساڵییە، بەڵام وانییە و لە ئاستی ستاندارد کەمتر نییە، هەر خۆشی بەنداوەکان وایە لە زستان ئاو کۆدەکەنەوە لە هاوین ئاوەکە بەکاردەهێندرێت و نامێنێت."
 
جگە لە بەنداوەکانی دهۆک، دەربەندیخان و دووکان، لە هەرێمی کوردستان 20 بەنداوی مامناوەند و بچووکیش هەن. رەحمان خانی گوتی، "پلانمان هەیە و کاردەکەین بۆ ئەوەی بتوانین هاوسانگی راگرین لەنێوان بڕی بەکارهێنان و سەرچاوە و داهاتەکان، بۆ ئەوەی رووبەڕووی کەمئاوی نەبینەوە." 
 
بەگوێرەی ئامارێک کە رێکخراوی ئاوی کوردستان بە رووداوی داوە، ساڵانە 47 ملیار مەتر سێجا ئاو بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لەو بڕە تەنیا سوود لە 17 ملیاری وەردەگیرێت و 30ـی دیکەی بەفیڕۆ دەڕوات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ساتی پێشوازیی مەسرور بارزانی و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزیرەکەی تورکیا.

ئاڵپئارسڵان بایراکتار: لەگەڵ مەسرور بارزانی تاوتوێی پەرەپێدانی بازرگانیی نەوت و کارەبامان کرد

لە نوێترین راگەیێندراویدا لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، "لەگەڵ مەسرور بارزانی تاوتوێی پەرەپێدانی بازرگانیی نەوت و کارەبامان کرد".