تورکیا داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات سزاکانی سووریا هەڵبوەشێنێتەوە

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تورکیا، داوای لە یەکێتی ئەورووپا کرد، بەبێ مەرج سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، پێش کۆنفرانسێکی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە برۆکسل کە دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریاش بانگێشتکراون. 
 
رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەنقەرە هەڵگرتنی سزاکان، بۆ سەرکەوتنی "قۆناخی راگوزەری ئاشتییانە" لە سووریا بە پێویست دەزانێت. 
 
یەکێتیی ئەورووپا رۆژی دووشەممە میوانداری نۆیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە سووریا. بۆ یەکەم جار نوێنەرانی حکومەتی سووریا لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن.
 
ئامانج لێی زیادکردنی پشتگیریی نێودەوڵەتییە بۆ قۆناخی راگوزەر و بووژانەوەی سووریا دوای زیاتر لە 13 ساڵ جەنگی نێوخۆیی.
 
یەکێتیی ئەورووپا لە 24ی شوباتی رابردوودا رایگەیاندبوو، سزاکانی سەر کەرتی وزە و گواستنەوە و بانکی سووریا سووک دەکات بۆ ئەوەی کەمێک لەو زەحمەتییە کەم بکاتەوە کە رووبەڕووی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا دەبێتەوە.
 
بەڵام ئەورووپا و لایەنەکانی دیکە هێشتا نیگەرانن لەو ئاراستەیەی کە دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) پێیدا دەڕوات. 
 
لە کاتێکدا هیوا دەخوازرێت حکومەتەکەی شەرع بتوانێت وڵاتەکە جێگیر بکات و داهاتوویەکی فرەلایەن بێننە کایەوە، توندوتیژییە خوێناوییەکانی ئەم دواییە کە عەلەوییەکانی کردنە ئامانج، گومانی بەردەوامی هێشتووەتەوە.
 
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشدارییان داوە، ئەو سزایانەی کە سووکیان کردووە دەکرێت دووبارە بسەپێندرێنەوە ئەگەر سەرکردە نوێیەکانی سووریا بەڵێنەکانیان بۆ رێزگرتن لە مافەکانی کەمینەکان و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی بشکێنن.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "ئاسایشی ئابووریی سووریا گرنگە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتە"، هەروەها گوتیشی "پێویستە دەرفەتی ئابووری و هەلی کار دروست بکرێن. پێویستە سزاکان بێ مەرج و بۆ ماوەیەکی نادیار هەڵبگیرێن".
 
تورکیا کە نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری سوریایی تێدایە، داواشی کردووە سووریا "بۆ هاندانی گەڕانەوەی پەنابەران" ئاوەدانبکرێتەوە.
 
نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسی برۆکسل بەشدار دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی لەگەڵ رەنج.

لەگەڵ رەنج؛ خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە؟

خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ بووەتە هۆی ‏ئەوەی دەرچووانی بەشە پیشەییەکان بەهۆی خوێندنەکەیان کاریان دەست ‏بکەوێت لە قۆناخەکانی ئامادەیی ‌و پەیمانگا‌و زانکۆکان؟ ئەوە پرسیاری ‏سەرەکیی بەرنامەکە بوو، وەڵامی سەرجەم میوانەکانی ئەم بەرنامەیە ‏بەشێوەیەکی گشتی نەخێر بوو.