رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی سەرما رووی لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئەردەخان، قەرس و ئاگری لە باکووری کوردستان کردووە، بەفر هەندێک ناوچەی سپیپۆش کردووە و تەمی چڕیش بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی گرتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە ئەرزەڕۆم پلەکانی گەرما بۆ خوار شەش پلەی سیلیزی دابەزیون، سەرما و ئەو دابەزینی پلەی گەرمییە کاریگەری لەسەر ئۆتۆمبێلەکان هەبووە جامەکانیان بەستوونی.
پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان تەمێکی چڕ ناوچەکەی گرتووە و ئەو شەپۆلە سەرمایە کاریگەری لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان دروستکردووە.
لە شارۆچکەی ساریکامی سەر بە پارێزگای قەرس پلەکانی گەرما دابەزین و بەهۆی سەرماوە، جامی ئۆتۆمبێلەکان بەستوونی و دۆڵی کەکلیک و ناوەندی خلیسکێنەی جیبیلی تەپە، سپیپۆش بوون.
هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە لە ئەردەخان شەپۆلە سەرماکە کاریگەری لەسەر ئۆتۆمبێل و هاتووچۆی هاونیشتمانییان دروست کردووە و چینێکی تەنکی شەختەش لەسەر رووباری کورە دروستبوو.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، بەهۆی شەپۆلی سەرما و سۆڵە، لەم چەند پارێزگایەی باکووری کوردستان لە 24 کاژێری داهاتوودا 12 پلەی گەرما دادەبەزێت و بەمەش لە باشترین دۆخدا پلەی گەرما لە نێوان چوار تا حەوت پلەی ژێر سفری سەدی تۆمار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ