وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پەکەکەی لە باشووری کوردستان راگەیاند

03-12-2023
هەوار ئیسماعیل
ساتی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە
ساتی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی لە باشووری کوردستان راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2023، بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لە باشووری کوردستان، سێ گەریلای پەکەکە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانیانەوە کراونەتە ئامانج. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دیمەنی هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە. بەڵام راگەیاندنی پەکەکە هیچ زانیارییەکی لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
سوپای تورکیا بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
 
رۆژی شەممە 2 ـی کانوونی یەکەمی 2023، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مانگی رابردوو 124 سەربازیان کوشتووە و 4 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاند، لەو مانگەدا و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی 49 گەریلا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە