رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە رایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا بەسەختی سنووری ھەردوو ناحیەی چەمانکێ و دێرالوک سەر بە قەزای ئامێدیان بۆردوومانکردووە و چەند بنکەیەکی پەکەکە کراونەتە ئامانج، بەڵام ھێشتا زیانەکان دیار نین.
ئەمڕۆ هەینی 03-12-2021 شەعبان بەرواری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە کە نزیکە لە ناحیەی چەمانکێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 16:05 فڕۆکەکانی تورکیا سنووری گوندی چەمرەبەتێ و ھیزانکێیان بۆردوومان کرد.
لە ھەمان کاتدا فڕۆکەکانی تورکیا گوندی سەرگەلێ و چیای بێسمتێ لە سنووری ناحیەی دێرالوک و قەزایی ئامێدیان بۆردوومانکرد، فایەق بەلاڤەیی، دانیشتووێکی ئەو ناوچەیە بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 16:20 فڕۆکەکانی تورکیا نزیک گوندی سەرگەلی و چیای پێسمتێیان بۆردوومانکرد و، ھیچ زیانێکی گیانی بەر خەڵکی سڤیل نەکەوتووە.
سوپای توركیا رۆژی 15ی حوزه‌یرانی 2020 له رێگه‌ی هێزه ئاسمانییه‌كانییه‌وه ئۆپه‌راسیۆنی ناسراو بە "چڕنووکی هه‌ڵۆ" و رۆژی 17ی حوزه‌یرانیش هێزه‌كانی وشكانیی ئۆپه‌راسیۆنی ناسراو بە "چنگی پڵنگ" و لە کۆتایی نیسانی 2021یشدا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "چڕنووکی هەورەبرووسکە"ی لە باشووری کوردستان دەستپێکرد.
بەرپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا دەڵێن، 50 کیلۆمەتر له قووڵایی هەرێمی كوردستاندا دژی په‌كه‌كه شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ئۆپهراسیۆنەکەش تاوەکو به‌جێگه‌یاندنی ئامانجه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، كه بریتییه له كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی حه‌فتانین و ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ری بۆئه‌وه‌ی رێگری بكات "له جموجووڵه‌كانی په‌كه‌كه" له نێوان باكوور و باشوور و رۆژئاوای كوردستان.
لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی سوپای تورکیا کە ماوەی چەند مانگێکە لە باشووری کوردستان بەردەوامن، لە دەوروبەری ئەو ناوچانەدا کە بنکەی سەربازی تورکیا دروستکراون، هەزاران دار بڕدراون و سووتێندراون و زیانێکی زۆر بە سرووشت و ژینگەی کوردستان گەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ