کوردستان
شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق رۆژی 01-11-2023، لەبارەی ئەو خاڵە سەربازییان رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخشی چیاى قەرەچووخ لە قەزاى مەخموور رایگەیاند، سوپای عێراق و پێشمەرگە لەبارەی خاڵە سەربازییەکانی چیای قەرەچووخ رێککەوتوون کە سێ خاڵی سەربازی لەلایەن پێشمەرگە و سێ خاڵی دیکەیان لەلایەن سوپای عێراقەوە بەڕێوەببرێن، بەڵام هێشتا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
رۆژی هەینی، 03-11-2023، غازى فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخشی چیاى قەرەچووخ لە قەزاى مەخموور بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو سێ خاڵە سەربازییەی کێشەی لەسەر بوو، لە بنەڕەتدا حەوت خاڵی سەربازین، بەڵام تەنیا سێ دانەیان ئاوەدان بوو، کە دەکەوێتە دیوی رۆژهەڵاتی کامپەکە و پەکەکە بەڕێوەی دەبرد و دوای شەڕەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، پێشمەرگە توانی دوو لەو خاڵە سەربازییانە وەربگرێت، ئەویش دوای ئەو گرژییانەی هەبوون، حکومەتی عێراق لە پێشمەرگەی وەرگرتووە."
لەبارەی رێککەوتنی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ بەڕێوەبردنی سێ خاڵە سەربازییەکە، غازى فەیسەڵ گوتی: "بڕیاردراوە ئەو سێ خاڵە سەربازییانە بکرێتە شەش خاڵ، سێ خاڵی لەلایەن پێشمەرگە و سێیەکەی دیکەش لەلایەن سوپای عێراقەوە بەڕێوەببرێت، بەڵام دانیشتوانی کامپی مەخموور دەیانەوێت سوپای عێراق خاڵە سەربازییەکان وەربگرن لەبەر دوو هۆکار، یەکەم؛ بەهۆی کێشەیان لەگەڵ برادەرانی پارتی، دووەم لەبەر ئەوەی پێیانوایە حکومەتی عێراق دەتوانێت لە زەوی و ئاسمان بیانپارێزێت."
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێککەوتنی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق، دانیشتووانی کامپی مەخموور خۆپێشاندانیان کرد و گوتیان، کێشەیان لەگەڵ پارتی هەیە و نابێت خاڵە سەربازییەکان بدرێنە پێشمەرگە.
غازی فەیسەڵ گوتی: "هەر لەوێ بەرپرسانی عێراق وەڵامیان دانەوە، کە هیچ خاڵێکی سەربازی رادەستی کەس نەکراوە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و رای دانیشتووانی کامپەکە دەگەیێندرێتە حکومەتی عێراق و لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت."
بەگوتەی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخشی چیاى قەرەچووخ لە قەزاى مەخموور، ئەو سێ خاڵە سەربازییەی کە هەن، بەو سێ دانەی دیکە کە ئاوەدان دەکرێنەوە لە یەک شوێنن و دەڵێت: "لە زنجیرەی چیای قەرەچووخن لە ریزی هێزەکانی یەکەی 80، واتا لە خاڵە سەربازییەکانی پارتی نزیکترە نەک سوپای عێراق بەدیاریکراوی لە رۆژئاوای شاخی قەرەچووخ و رۆژهەڵاتی کامپی پەکەکەن."
بەگوتەی غازی فەیسەڵ، کێشەی خاڵە سەربازییەکان چارەسەرنەکراوە و ئەوەی هەیە تەنیا رێککەوتنێکی کاتی کراوە و هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە ئەو کەسانەی لە کامپی مەخموورن بەو مەرجە خاڵەکانیان بە سوپای عێراق داوە بۆ ئەوەی نەدرێتە پێشمەرگە.
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ – مەخموور) بە یاوەریی فەریق روکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە و چەند فەرماندەیەکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ شاندی سوپای عێراق کۆبوونەوە، کە لە سوپاسالاری عێراق، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و چەندین ئەفسەری باڵای دیکەی سوپای عێراق پێکهاتبوون.
دوای کۆبوونەوەکە سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ – مەخموور) لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، "هەردوولا گەیشتینە رێککەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردن و دیاریکردنی خاڵە نوێیەکان لە چیای قەرەچووغ و جەختیش لە هەماهەنگی بەردەوام کرا."
ئەو گۆڕانکارییانەی دوای 19-10-2023 هێزەکانی فیرقەی 14ـی سوپای عێراق چوار خاڵی سەربازیی چاودێرییان لە چیای قەرەچووخ لە پەکەکە وەرگرتەوە؛ دواتر هێزێکی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیرکران.
هێزەکانی پێشمەرگە داوایانکرد ئەو خاڵانە بەوان بسپێردرێن یان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن، بەڵام لەو بارەوە رێکنەکەوتن و دواجار ئێوارەی 22-10-2023، شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا دروستبوو.
دوای ئاڵۆزییەکان و هاتنەسەرهێڵی بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخەکە هێورکرایەوە و کۆتایی بە گرژییەکان هات.
لە یەکەم رۆژی شەڕەکەدا، عەقید قەهار جەوهەر قەهار، فەرماندەی فەوجی 1ـی لیوای 18ـی پیادە و هاوڕێ جەوهەر رەحمان شەهیدبوون؛ هەروەها دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادە شەهیدبوو، دوای ئەویش مقەدەم پوشۆ، جێگری فەرماندەی لیوای 18ـی پیادە، کە لە شەڕەکە بریندار بووبوو شەهید بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ