ژنێکی کوردی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو لە غەززە رزگار کرا

03-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ژنێکی کوردی ئێزدی رزگار کرا و رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە. بە گوێرەی بەدواداچوونێکی رووداویش ئەو ئافرەتە بردرابووە غەززە.
 
ئەو ژنە ناوی فەوزییە ئەمین سەیدۆیە و تەمەنی 21 ساڵە، خەڵکی ناحیەی گرعزێرە لە سنووری قەزای بەعاج. 
 
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 03-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەوزییە لای چەکدارێکی داعشی خەڵکی کەرتی غەززە-ی فەڵەستین بووە. چەکدارەکە کوژراوە، چوار ساڵ دەبێت دایکی چەکدارە کوژراوەکە فەوزییەی لەگەڵ خۆی بردبووە کەرتی غەززە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی دەڵێت، دوای دەستکەوتنی "زانیاریی گرنگ"، شوێنەکەیان لە کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە، توانراوە لە رێگەی ئوردن بگەڕێندرێتەوە و دوێنێ چوارشەممە پێشوازیان لێکردووە و رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە و ئێستا لە شنگالە.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زیاتر لە ساڵێکە لەسەر هێڵن تاوەکو فەوزییە لە کەرتی غەززەوە بگەڕێننەوە و رزگاری بکەن. 
 
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێت: "برایەکی بچووکی چەکدارەکە، فەوزییەی لەو کەرتە لەخۆی مارە کردبووەوە و کردبووی بە ژنی خۆی."
 
حوسێن قائیدی باسی لەوەشکرد، کە دوای "هەوڵێکی زۆر" لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن و حکومەتی ئەو وڵاتە فەوزییە رزگارکراوە، گەڕێندراوەتەوە شنگال.
 
فەوزییە کە دوێنێ گەیشتەوە نێو کەسوکارەکەی، لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێنرابوو و بۆ چەند وڵاتێک گوێزرابووەوە. 
 
فیراس ئەمین سەیدۆ، برای فەوزییە لەبارەی چیرۆکی ئازادکردنی خوشکەکەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "دوێنێ لەلایەن دەزگەی هەواڵگریی عێراقەوە هەواڵی رزگارکردنی خوشکەکەمان پێگەیشت، کاژێر 09:30 شەو لە موسڵ رادەستمان کرایەوە."
 
براکەی فەوزییە دەڵێت، دڵخۆشن بە گەڕانەوەی خوشکەکەیان، بەڵام چونکە لەڕووی "دەروونییەوە ماندووە"، تاوەکو ئێستا پرسیاری زۆریان لێنەکردووە.
 
فەوزییە ئەمین سەیدۆ دوو خوشک و پێنج برای هەیە و باوکی کۆچی دواییکردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کەرتی غەززە بکات، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای زیاتر لە چوار مانگ هەوڵ و بەدواداچوون، بە هەوڵی هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی، هاوئاهەنگی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و عومان و دەسەڵاتدارانی ئوردن، فەوزییە ئەمین سەیدۆ، گەڕێندرایەوە.
 
خەیری بۆزانی، بەرپرسی دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی، رۆژی پێنجشەممە (03-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین، هەر کەسێک ببێتە هۆی رزگارکردن، یاخود ئاسانکاریی بکات بۆ رزگارکردنی ژن و کچانی ئێزدی، ئێمە دەستخۆشی لێدەکەین." 
 
وەک وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی دەکات، دوێنێ بە هاوئاهەنگی و سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، فەوزییە گەڕێندرایەوە، ئێوارەی دوێنێ رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
 
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند. خەیری بۆزانی گوتی: "تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 581 کوردی ئێزدی لەدوای رفاندنیانەوە رزگار کراون."
 
هەر لەوبارەیەوە دەزگەی هەواڵگریی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ژنانی رزگاربووی دەستی داعش، فەوزییە ئەمین سەیدۆ-یان ئازاد کرد، کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو.
 
دەزگەی هەواڵگریی عێراقی، بەبێ ئاماژەکردن بە وردەکاریی زیاتر، رایگەیاند، پرۆسەی لێکۆڵینەوەیان دوای ئەوە دەستپێکرد کە چەند سەرەداو و زانیارییەکیان لەبارەی فەوزییەوە پێگەیشت کە لە یەکێک لە وڵاتە هەرێمییەکانە، دواجار بەیانیی رۆژی چوارشەممە گەیێندرایەوە بەغدا و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە