رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، قەزاکەیان لە بابەتی ئاوی خواردنەوەدا چەندین ساڵە گرفتی هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "لە قەزاکەدا هیچ شوێنێکی حەوانەوە وەکو پارک بۆ گەنجان نییە و هیچ گرنگییەکیش بە کەرتی گەشتوگوزار نەدراوە."
یەکێک لە گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە کە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە ساڵی 2013 بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانرا، بەڵام بەهۆی نەدانی پارەوە کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرتووە.
بودجەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان 19 ملیۆن دۆلارە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 55٪ بۆ 60٪ی کارکردن تێیدا تەواو بووە.
ئەمساڵ دانیشتوانی ئەو قەزایە دەستیان بە گردبوونەوە کرد و داوایان کرد پارەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان بکرێت. رۆژی 6ـی شوباتی 2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی زەوییەک بە 20 ملیۆن دۆلار دا بۆ ئەوەی بەشێک لەو بودجەیە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پاڵاوگەکە خەرجبکرێت.
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان لەبارەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی سنوورەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، وەزارەتی شارەوانی و داراییەوە هەموو کارئاسانییەک لەرووی کارگێڕییەوە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار کراوە؛ تەنیا تەمویلی پارەی لەلایەن بانکی سلێمانی ماوە."
بە گوتەی قایمقامی قەزای دەربەندیخان، دوای ئەوەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بەڵێنی خەرجکردنی 10 ملیۆن دۆلاری پێ دان، تا ئێستا ئەوە خەرج نەکراوە؛ ئەو ئامێرانەی بۆ پڕۆژەکە پێویستن رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەسەر دراوە بۆ ئەوەی لە ئەڵمانیاوە بنێردرێن.
سلێمان محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، سنوورەکەیان چەندین ساڵە گرفتی کەمی ئاو و پیسبوونی ئاوی خورادنەوەی هەیە و گوتی، "ئەو گرفتە زیاتر لە وەرزی هاوین زیاترە لە وەرزی زستان، بەڵام ئاوەکە هەر پیسە و بۆ خواردنەوەی شیاو نییە. ئەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیشەوە سەلمێندراوە".
"بودجە بۆ دەربەندیخان خەرج ناکرێت"
لەبارەی خەرجکردنی بودجە بۆ قەزای دەربەندیخان، سلێمان محەممەد دەڵێت، لەمێژە بە تایبەت ئەمساڵ یەک دینار بودجەی حکومەت بۆ قەزاکە خەرج نەکراوە. ئەوەی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە قەزاکەیە کە دەمێنێتەوە و هەر بۆ دەربەندیخان خەرج دەکرێت.
قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێت، "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەنیا 700 ملیۆن دیناریان بۆ دابینکردووین و ئەویش هێشتا خەرج نەکراوە. پڕۆژەیەک بە 460 ملیۆن دینار لەلایەن کۆمپانیایەکەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن و ئەو کۆمپانیای کە کارەکەی گرتووەتە ئەستۆ هیچی بۆ خەرج نەکراوە. دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی رێگەوبانیش کراوە بە 490 ملیۆن دینار و تەنیا 20٪ـی کارەکانی تەواو بووە".
تەنیا شارەوانیی دەربەندیخان ئەم ساڵ نزیکەی 100 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە. سلێمان محەممەد دەڵێت، "چەندین پڕۆژەی گرنگ لە بواری تەندروستی، رێگەوبان و چەندین بواری دیکە هەن کە بەهۆی خەرجنەکردنی پارە و نەبوونی داهاتەوە کارکردن تێدا راگیراوە."
هیچ پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە دەربەندیخان نییە
قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێت، "هیچ پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە قەزاکە نییە. ئەمساڵ یەکەمجارە پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت، ئەویش لەلایەن وەبەرهێنەرانەوەیە و هێشتا تەواو نەبووە".
سلێمان محەممەد ئاماژە بەوە دەکات کە "هیچ بودجەیەکی تایبەت بە گەشتوگوزار بۆ سنووری قەزاکە خەرج نەکراوە. ئەگەر حکومەت ئاوڕ لەو کەرتە بداتەوە و پارەی تێدا خەرج بکات و پڕۆژەی تێدا بکات، گرنگ دەبێت چونکە تاکە قەزایە سرووشتێکی جوانی هەیە."
سلێمان محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، لە وەرزی هاویندا هەزاران گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی قەزاکە دەکەن و گوتی، "ئەگەر حکومەت سوود لەو کەرتە وەربگرێت و پارەی بۆ خەرج بکات، هەلی کار بۆ گەنجانی قەزاکە دابین دەکرێت".
هیچ شوێنێکی حەوانەوە بۆ گەنجانی دەربەندیخان نییە
قایمقامی دەربەندیخان، باسی لە شوێنی حەوانەوەی گەنجانی قەزاکەیان کرد و دەڵێت، "هیچ شوێنێکی حەوانەوە وەک پارک بۆ گەنجان نییە. ئەوان زیاتر لە شەقامەکان، چایخانەکان و کەنار رووبار کات بەسەر دەبەن، لەو شوێنانەش هیچ خزمەتگوزارییەک نییە".
قەزای دەربەندیخان لە رووی ئاوەڕۆوە هیچ گرفتێکی نییە. قایمقامی قەزاکە لەوبارەوە گوتی، "لە رووی ئاوەڕۆوە زۆر باشین، چونکە دەربەندیخان ئاستی لە رووی دەریاوە زۆر بەرزە. ئەوەی گرنگە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆی سندووقی هەیە بە بڕی 7 ملیار دینار خراوەتە بواری تەندەرینەوە، بەڵام بەهۆی پارەکەوە پڕۆژەکە دەرنەچووە و بەردەوامین بۆ ئەوەی دووبارە بخرێتەوە تەندەرینەوە. ئەوەش پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ قەزاکە، ئەگەر بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ