رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "پڕۆژەی گەشانەوە، قەرزی بچووکە و سەرەتا دەدرێتە 25 بزنس کە زیاتر پڕۆژە نوێیەکانە وەکو کشتوکاڵی و تەکنەلۆژیا، هەر کەسێکیش لە پلانیدایە داوا پێشکێش بکات، دەتوانێت بەشێوەی ئۆنڵاین فۆرم پڕبکاتەوە کە تاوەکو 25ـی ئەم مانگە دەرفەتیان لە بەردەستە."
رۆژی سیشەممە، 03-10-2023، ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆژەی گەشانەوە هەر پڕۆژەی قەرزی بچووکە، جیاوازی ئەو دوو پڕۆژە تەنیا بابەتی میکانیزمی پێدان و وەرگرتنەوەکەیە، بۆ نموونە؛ پێشتر هەموو کارەکان هەڵسەنگاندن، بەدواداچوونەکان، دابەشکردن و وەرگرتنی قەرزەکەش هەمووی حکومەت دەیکرد، ئەوەش هەندێک کات بابەتی واستە و واستەکاری دروست دەبێت، بۆ ئەوەی رێگری لەو بابەتە بکەین، لایەنێکی دیکەمان هێناوە نێو پڕۆژەکە واتا پارەکە هەر هی حکومەتە، بەڵام دوو لایەنی دیکە هێنراونەتە نێو پڕۆژەکە کە کۆمپانیای تۆپ ماونتن و بانکی جیهانە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، "سەرەتا وەکو تاقیکردنەوە، 25 خاوەن پڕۆژە هەڵدەبژێرن کە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکانیان هەریەک 150 ملیۆن دیناری عێراقییان پێدەدرێت."
ئارام ئەنوەر دەڵێت، "هەر کەسێک دەیەوێت ناوی خۆی تۆمار بکات بۆ وەرگرتنی قەرزەکە ئەوە دەتوانن بەشێوەی ئۆنڵاین فۆرم پڕبکەنەوە، ئەو فۆرمە لەلایەن لیژنەیەکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت دواتر دەنێدرێتە تۆپ ماونتن و دەبێت بانکیش رەزامەندی لەسەر بدات؛ ئەو کات قەرزەکە بە پڕۆژەکە دەدرێت."
بەگوتەی بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی گەنجان، تاوەکو 23 و 25ـی مانگ لە بەردەستی خاوەن پڕۆژەکاندایە بۆ ئەوەی فۆرم پڕبکەنەوە. دەشڵێت، "پێش پێدانی قەرز پڕۆژەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، سەرەتاش فۆکسی ئێمە لەسەر پڕۆژەی کشتوکاڵی و تەکنەلۆژیایە."
ئەمە یەکەمجار نییە قەرز بە پڕۆژەی بچووک و مامناوەند دەدرێت، پڕۆژەی پێدانی قەرزی بچووک لە مانگی ئابی 2011ـەوە دەستیپێکرد و لە 11-1-2016 بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا، کە زیاتر لە 8 هەزار و 666 کەس لە قەرزی بچووک سوودمەند بوون، 86 ملیار و 650 ملیۆن دراوەتە ئەو گەنجانەی پڕۆژەیان هەبووە.
ئارام ئەنوەر دەڵێت، "وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پلانیدایە پڕۆژەی پێدانی قەرزە بە گەنجان زیاتر بکات، بەڵام سەرەتا دەیەوێت بزانێت هەنگاوی یەکەم تا چەند ئامانجەکان دەپێکێت، لە رووی داهاتەوە داهاتی زیاتر بێت و بەردەوامی پڕۆژەکە چونکە پڕۆژە هەیە پارەی پێدەدرێت، بەڵام دوای ساڵێک دەبینیت پڕۆژەکە نەماوە."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، "لەو 25 پڕۆژە تاقیکارییەی لە سەرەتا پەسند دەکرێن و قەرزییان پێدەدرێت رۆڵی خانمانیش هەر یەک بەگوێرەی پڕۆژەکەی لە بەرچاودەگیرێت".
مەرجەکانی پێدانی قەرزی بە خاوەن پڕۆژەکان:
- پێویستە هاووڵاتیی کوردستانی بێت و تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵ بێت.
- نابێت لە هیچ دەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرابیت.
- پێویستە لەکاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکەدا، بزنسەکە بە لایەنی کەمەوە 12 مانگ کاری کردبێت.
- دەبێت شوێنی بزنسەکە لە هەرێمی کوردستان بێت.
- پێویستە بزنسەکە کەمتر لە 100 کارمەندی هەبێت.
- دەبێت کارەکەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابێت و ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) و ژمارەی بازرگانیی بێهاوتا (UEN)ی هەبێت.
- ئەگەر بزنسە کشتوکاڵییەکە لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان تۆمارنەکراوە، پێویستە ژمارەی کەسیی بێهاوتا (UPN) بەدەست بهێنیت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری.
- تەنیا یەک جار دەتوانیت داواکاری پێشکێش بکەیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ