رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، چوارەمین پێشانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی دەستپێدەکات. کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند، "پێشانگاکە تاوەکو 7ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و تێیدا نزیکەی 80 کۆمپانیای ئێرانی بەشداری دەکەن."
محەممەد مەحموودیان، کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی رۆژی دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پێشانگەکە رایگەیاند، "پێشانگەکە لە 3 تاوەکو 7ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و تێیدا نزیکەی 80 کۆمپانیای ئێرانی بەشداری دەکەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ساڵانی رابردوو ئەم پێشانگەیە بە قەرەباڵخی و باشی بەڕێوەچووە، چاوەڕوان دەکەین و داواش دەکەین ئەمساڵیش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سلێمانی بەشدارییەکی کارایان هەبێت."
بە گوتەی کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی، لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانیان، پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقە و لەو چوارچێوەیەدا هەوڵیان داوە باشترین کۆمپانیاکان بە باشترین کاڵاوە لە پێشانگەکەدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی سەرەنجی هاووڵاتیان رابکێشن و گوتی، "بڕوامان وایە کە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لە هەموو بوارەکانەوە دەبنە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییەکان."
جنهانبەخش سنجابی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراقیش کە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئامادە بوو، رایگەیاند، "80 کۆمپانیای بەرهەمهێنان و کاڵای بازرگانی بەشداری دەکەن. ئەم 80 کۆمپانیا دابەشبوون بە سەر 15 گرووپدا. عێراق گرنگییەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە و دووەمین هاوبەشی بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئێرانیش هەمیشە هاوبەشی سێیەمی و چوارەمی عێراق بووە."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق دەڵێت، "هەرێمی کوردستانی عێراق، رۆڵێکی بەرچاو و زۆر گرنگی هەیە لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی. لە مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەراورد بە چوار ساڵی رابردوودا پەیوەندی بازرگانیمان 25٪ زیادی کردووە. ئەگەر بەو رەوتە لە حەوت مانگی داهاتوودا بچینە پێشەوە بە دڵنیاییەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان 70٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاد دەکات."
لەبارەی پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ سلێمانی، جنهانبەخش سنجابی گوتی، "لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان، سلێمانی رۆڵێکی بەرچاوتر و گەورەتری هەیە، سەرەرای ئەوەی زۆر خاڵی هاوبەش و سنووری هاوبەشی نێودەوڵەتیمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام پەروێزخان و باشماخ زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەیە و بەدوای هەرچی زیاتر بەرەو پێشبردن و گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ سلێمانی دەگەڕێین. بانگهێشتی هەموو بازرگانان، چالاکانی ئابووری، خەڵكی هەرێمی کوردستان و سلێمانی دەکەم بۆ ئەوەی بەشداری پێشانگاکە بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ