لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە ئامەد 16 کەس بریندار بوون

03-08-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لە دوو رووداوی هاتووچۆدا 16 کەس بریندارن بوون، سێ لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە.
 
شەوی چوارشەممە 2ی ئابی 2023 لە ئەنجامی پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی سەرەکیی ئامەد - خارپێت پێنج کەس بریندار بوون.
 
دوای گەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تەندروستیی بریندارەکان باشە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
 
رووداوی دووەم هەمان شەو لەسەر رێگەی سەرەکیی ئامەد - رووها روویدا؛ تێیدا مینی پاسێک کە ژمارەیەک سەرنشینی دەگواستەوە، وەرگەڕا و بەو هۆیەوە 11 کەس بریندار بوون.
 
دوای گەیشتنی تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی، پۆلیس و جەندرمە بۆ شوێنی رووداوەکە بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە. بەگوێرەی زانیارییەکان، تەندروستیی سێ لە بریندارەکان ناجێگیرە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمی کە لە حوزەیرانی 2023دا بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵی 2023 ـەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا 257 هەزار و 373 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. بەو هۆیەوە هەزار و 345 کەس گیانیان لەدەستداوە و 159 هەزار و 235 کەسیش بریندار بوون.
 
ساڵی رابردووش 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویاندابنوو، بەو هۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستدا و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە