باوک و کوڕێکی کورد لە بەریتانیا دەسووتێن و گیان لەدەستدەدەن

03-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نیعمەت لاوە زیاتر لە 20 ساڵ بوو لە شاری سوانسزی لە بەریتانیا دەژیا؛ ئەو هاونیشتمانییە کاژێر 4:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە بە کاتی بەریتانیا نهۆمی دووەمی ماڵەکەی ئاگر دەگرێت و خۆی و منداڵێکی بەناوی محەممەد کە تەمەنی چوار ساڵ بوو، گیانیان لەدەستدا. خزمێکی نزیکی دەڵێت، "بڕیارە تەرمی لاوە و منداڵەکەی لە هەولێر بەخاک بسپێردرێن، بەڵام رێکارەکانی گەڕانەوەی تەرمەکانیان نزیکەی 10 رۆژی پێویستە."
 
رۆژی دووشەممە 03-07-2023 هەوراز کاکل، خزمی نزیکی نیعمەت لاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 12:00ی شەوی شەممەی رابردوو ئاگادارکراینەوە کە کاژێر 4:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە 1ی ئەم مانگە بە کاتی بەریتانیا نیعمەت و منداڵێکی لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیان سووتاون."
 
هەوراز کاکل گوتیشی، "نیعمەت دوای ئەوەی ژیانی هاوژینیی پێکهێنا، چووە بەریتانیا و نزیکەی 20 ساڵ دەبوو لەو وڵاتە دەژیا و هەر لەوێ سێ منداڵی بە ناوەکانی محەممەد، لارە و لاوە بوو."
 
ماڵی نیعمەت دوو نهۆمییە. بە گوتەی هەوراز کاکل، محەممەدی کوڕی نیعمەت بە تەنیا لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیان بووە و دەگوترێت "چەرخی پێ بووە، رەنگە بەو هۆیەوە ئاگرەکە کەوتبێتەوە و ماڵەکەیان سووتا بێت"، بەڵام تائێستا هۆکاری ئاگرەکە بە روونی دیار نییە و پۆلیسی بەریتانیا لەوبارەیەوە هیچی نەگوتووە.
 
هەوراز کاکل دەڵێت، "کاتێک ئاگرەکە لە نهۆمی دووەمی ماڵەکە کەوتووەتەوە، نیعمەت لە گەرماو بووە و هاوژین و منداڵەکانی دیکەیان لە نهۆمی یەکەم بوون و ئاگاداری ئاگرەکە نەبوون. دراوسێیەکی خۆیان ئاگاداریانی کردووەتەوە و باوکی منداڵەکە راستەوخۆ لە گەرماو چووەتە دەرەوە و چووەتە نهۆمی دووەم بۆ رزگارکردنی منداڵەکەی، بەڵام ئاگرەکە هێندە بەهێز بووە، منداڵەکەی نەدۆزیوەتەوە و خۆیشی سووتاوە."
 
ئێستا هاوژینی نیعمەت و منداڵەکانی لە نەخۆشخانەن لە وڵاتی بەریتانی و دۆخی تەندروستییان خراپە. هەوراز کاکل دەڵێت، "بڕیارە تەرمی نیعمەت و کوڕەکەی بگەڕێننەوە و لە هەولێر بەخاک بسپێردرێن، بەڵام رێکارەکانی گەڕانەوەی تەرمەکان تەواو نەبووە و 10 رۆژی پێویستە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.