رووداو دیجیتاڵ
رۆژانی 6 بۆ 9ـی حوزەیرانی 2023 چوارەمین پێشانگەی هایتێکس لە هەولێر بەڕێوەدەچێت. رێکخەری چالاکییەکانی پێشانگەکە دەڵێت: "چەندین میوان لە نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراون، هاوکات 82 کۆمپانیا لە 18 وڵاتەوە بەشداردەبن، 32 بزنسی بچووکیش دەخرێنەڕوو کە پێنج لەوانە پاڵپشتی دارایی دەکرێن."
رۆژی شەممە 03-06-2023، ژێگر ئەبووزید، رێکخەری چالاکییەکانی پێشانگەی هایتێکس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "82 کۆمپانیا لە 19 وڵاتەوە کە نێوخۆیی و نێودەوڵەتین، بەشداری لە پێشانگەکەدا دەکەن. ئەمساڵ چالاکییەکانی هایتێکس لە چوار بەش پێکدێن ئەوانیش پێشانگە کە کۆمپانیاکان کارەکانیان نمایش دەکەن، کۆنفرانس، ئەستێرەکانی داهاتوو و گۆشەی کاریگەر."
لەبارەی بەشی کۆنفراسیان ژێگر ئەبووزید گوتی: "لە بەشی کۆنفرانس حەوت پانێڵمان دەبێت کە قسەکەرەکان لە 13 وڵاتەوە هاتوون و بەشێکیان هەر لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانن کە خاوەنی کۆمپانیا، دیپلۆماتکار، کۆنسوڵ، نوێنەرایەتیی حکومەتێک دەکەن یاخود کەسانی ئەکادیمین."
بەشی ئەستێرەکانی داهاتوو لە هایتێکس لە پلاتفۆرمی روانگەی Invest My ITـە و رێکخەری چالاکییەکانی پێشانگەی هایتێکس دەڵێت: "تێیدا 32 بزنسی بچووک بە بیرۆکەی نوێوە دەخرێنەڕوو و پێنج لەو بیرۆکانە پاڵپشتی دارایی وەردەگرن. بەشی چوارەم کە گۆشەی کاریگەرە ئەوە یەکەمجارە ئەمساڵ بۆ هایتێکس زیادکراوە و تێیدا 17 کەسی کاریگەر لە سۆشیاڵمیدیای هەرێمی کوردستان باس لە کاری خۆیان و چۆنێتی سەرکەوتنەکانیان لە بوارەکانی خۆیان دەکەن."
بڕیارە پێشانگەی هایتێکس بە شاشەیەکی حەوت مەتری بکرێتەوە، رێکخەری چالاکییەکانی هایتێکس دەڵێت: "ئەگەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەبێت، ئەوە پێشانگەیەکە لەلایەن ئەوەوە دەکرێتەوە کە سەرەتا شاشەیەکی حەوت مەتری نمایش دەکرێت و تێیدا هەموو چالاکییەکانی هایتێکس دەخرێنەڕوو."
ئەوە چوارەم ساڵە پێشانگای نێودەوڵەتیی هایتێکس کە پێشانگایەکی تەکنەلۆژییە بەڕێوەدەچێت. هەموو ساڵێک کۆمەڵێک گەنج کە بزنسی بچووکیان هەیە کاری خۆیان دەخەنەڕوو و پێنج لەوان پاڵپشتی دارایی دەکرێن. ژێگر ئەبووزید دەڵێت: "ئەو پێنج کەسەی ساڵی رابردوو پاڵپشتی دارایی کران، ئەمساڵ خاوەنی کۆمپانیان و بەشدان لە هایتێکس و کاری خۆیان نمایش دەکەن."
رێکخەری چالاکییەکانی پێشانگەکە دەڵێت: "هایتێکس ساڵانە بەنزیکەی 50 هەزار سەردانیکەری دەبێت و بۆ ئەمساڵ تائێستا 10 هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی سەردان بکەن."
بڕیارە لە هایتێکس هەموو ئەو کۆنسوڵانەی کە نوێنەرایەتییان لە هەولێر هەیە ئامادەبن و چەندین کەسی پەیوەندیدار لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشت کراون بۆ ئەوەی ئامادەبن. 14 کۆمپانیاش کە بەشێکیان ناوخۆیین و بەشێکیان نێودەوڵەتین بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو کە هەندێکیان یەکەمجارە نمایشی بابەتەکانیان دەکەن و بەشێکیان ئۆفەری تایبەت رادەگەیێنن.
ساڵی 2022 پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنەلۆژی (هایتێکس) زیاتر لە 53 هەزار سەردانیکەری هەبووە و زیاتر لە 171 کۆمپانیا لە 26 وڵاتەوە بەشداربوون کە چوار رۆژ بەردەوامبوو و 33 نزنسی بچووکی تێدا خرایەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ