رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دۆخی سلێمانی باش نییە و خەڵکی سلێمانی دڵخۆش نین."
قوباد تاڵەبانی رۆژی چوارشەممە لە دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە بەغدا باسی لەو ناکۆکیانە کرد کە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا لەسەر پرسە ئابووری و داراییەکان هەن.
جێگری سەرۆکوەزیران گوتی: "لە سلێمانی ناڕازیبوونێکی روون هەیە لەبارەی چۆنییەتی دابەشکردن و خەرجکردنی داهات".
قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز و تێپەڕاندنی بودجەی فیدراڵی دەربڕی، بەڵام گوتی لە هەمان کاتدا پێویستە "دڵنیابین لەوەی هەر داهاتێک کە دێتە کوردستانەوە پارێزراو دەبێت و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان لەنێوان هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت و داهاتەکە چیدیکە نابێتە ئامرازێک بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنرێت".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد "ئێمە لە کوردستانیش پێویستمان بە دەرکردنی یاسای بودجە هەیە. ئێمە لە ساڵی 2013ـەوە تائێستا هیچ یاسایێکی لەوجۆرەمان نەبووە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە یاسای خۆمانمان هەبێت و جارێکی دیکە لەبەرامبەر خەڵکەکەمان شەفاف بین".
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی روویان لە خراپبوون کرد، ئەوەش دوای کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی لە هەولێر. پەیوەندییەکانی ئەو دوو هاوپەیمانەی نێو حکومەت گەیشتە ئەو رادەیەی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە.
ناتەبایی نێوان هەردوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 30 ساڵە بە هاوبەشی لە فەرمانڕەوایەتیدان، بووەتە بەربەست لەبەردەم فراوانکردن و سوودبینین لە کێڵگەی گازی کۆرۆمۆر کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش یەکێکە لە گەورەترینەکان و دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی یەکێتییەوە.
ناکۆکییەکە هەروەها بووەتە هۆی نیگەرانیی وڵاتانی رۆژئاوا، بە دیاریکراویش ئەمریکا، کە خۆی بە هاوپەیمانێکی لەمێژینەی کورد دادەنێت.
"دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت زیانێکی زۆری هەیە"
سەبارەت بە دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، قوباد تاڵەبانی گوتی: "بێگومان زیانێکی زۆری هەیە. زیان بە عێراق دەگەیێنێت، هەروەها زیان بە هەرێمی کوردستانیش دەگەیەنێت".
جێگری سەرۆکوەزیران گوتیشی "ئێمە لە بڕێکی بەرچاو لە داهاتەکانمان بێبەش بووین. 90%ـی داهاتی کوردستان لە نەوتەوە دێت. لە داهاتووی درێژخایەن، پێویستە ئەم هاوکێشەیە بگۆڕین. پێویستە پشتبەستنمان بە نەوت کەمبکەینەوە".
مانگی نیسان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا رێککەوتنێک واژۆکرا، بۆ ئەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـوە بەڕێوەببردرێت.
قوباد تاڵەبانی رێککەوتنەکە بە "زۆر باش" دەبینێت و، دەڵێت "من خۆم پێموایە ئەم رێککەوتنە کە واژۆکراوە رێککەوتنێکی زۆر باشە، بەمەرجێک بەتەواوی وەک ئەوەی دیاریکراوە جێبەجێ بکرێت".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆشداریشی دا، کە "پێویستە ئێمە فێڵە کۆنەکان تاقینەکەینەوە و هەوڵنەدەین فێڵ لە یەکدی بکەین یان بۆ موجامەلە شتێک بکەین و بڵێن باشە، ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە کە ئەمە واژۆدەکەین و دواتر ئێوە کاری خۆتان بکەن و منیش کاری خۆم دەکەم، کە ئەم شتانە لە رابردوودا روویانداوە. ئەگەر ئێمە رژدبین لەم بارەیەوە، پێویستە رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت".
وێڕای ئەوەی رێککەوتنەکە واژۆکراوە، هێشتا تورکیا بۆڕییە نەوتییەکەی نەخستووەتەوە گەڕ، بەڵام حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، رۆژی چوارشەممە لە دیدارەکەدا گوتی: "سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ کوردستانی عێراق، لە ماوەی هەفتەیەکدا یان ئەوپەڕی دوو هەفتە دەگەینە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو،" وەزیرەکە گوتیشی، ئاماژەکان "ئەرێنین".
مانگی ئادار، دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بڕیاریدا، حکومەتی فیدراڵی عێراق تاکە لایەنی رێگەپێدراوی بەڕێوەبردنی هەناردەی نەوتە، ئەنقەرە هاوردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت.
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی مانگی نیسانی نێوان هەولێر و بەغدا، سۆمۆ سەرپەرشتیی فرۆشتنی نەوتەکە دەکات و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتە هەژمارێکی بانکیی هەرێمی کوردستان، کە لەژێر سەرپەرشتیی بەغدا دەبێت.
قوباد تاڵەبانی لەو بارەیەوە دەڵێت "دەمێکە دەڵێم بۆ من گرنگ نییە کێ ئەو نەوتە دەفرۆشێت. چەند ساڵێکە ئەم شتەم بە روونی گوتووە. خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کێشەکە چارەسەر بکرێت و شەفاف بێت، داهاتەکان بگەڕێنەوە، داهاتەکان چاودێری بکرێن، داهاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن و بخرێنە بواری بەکارهێنانەوە بۆ قازانجی خەڵکی کوردستان. دواتر بەغدا بەرپرسیارە لە دابینکردنی پشکی تەواوی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و کوردستانیش دەبێت لە لای خۆیەوە بە رێککەوتنەکەوە پابەند بێت لە رووی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەناردەکردن، گەشەپێدان کێڵگەکان و بەڕێوەبردنیان. من گەشبینم، بەڵام هێشتا بەتەواوی لە کێشەکان رزگارمان نەبووە و کێشەمان ماوە بۆ چارەسەرکردن".
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 400 بەرمیل نەوتی لە رێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرد و پارەیەکی زیاتری بە ئەنقەرە دەدا لە بەرامبەر گەیاندنی نەوتەکەی بە بازاڕەکانی جیهان.
عەبدولغەنی گوتی: "بڕوامان وایە کە دەبێت ئەو پارە زیادەیە بۆ حکومەتی عێراقی بڕوات".
هەناردەکردنی نەوت سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی حکومەتەکانی هەولێر و بەغدایە، بەڵام شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان، ناکۆکیێکی لەمێژینەی نێوانیانە.
عێراق لەنێو ئۆپێکدا دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە، رۆژانە تێکڕای 3.3 ملیۆن بەرمیل هەناردەدەکات و 90٪ـی داهاتەکەی پێ کۆدەکاتەوە.
دەقی بەشێک لە قسەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
دۆخی سلێمانی باش نییە و خەڵکی سلێمانی دڵخۆش نین. ناڕازیبوونێکی روون هەیە لە چۆنییەتی دابەشکردن و خەرجکردنی داهاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، واتە پارتەکەم، زۆر بەڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەکاتێکدا ئێمە پشتگیری لە دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەکاتێکدا ئێمە پاڵپشتی رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و بەڕێوەبردنی نەوت دەکەین، هەروەها پشتگیری لە تێپەڕاندنی بودجەی فیدراڵی دەکەین، لە هەمانکاتدا دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی هەر داهاتێک کە دێتە کوردستانەوە پارێزراو دەبێت و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان لەنێوان هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت و ئەو داهاتە چیدیکە نابێتە ئامرازێک بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنرێت. ئێمە دەمانەوێت یاسای بودجە پەسەند بکرێت و پشتگیری لە پەسەندکردنی دەکەین، بەڵام پێویستمان بە گەرەنتی هەیە لەو بودجەیەدا کە داهاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن. ئێمە لە کوردستانیش پێویستمان بە دەرکردنی یاسای بودجە هەیە. ئێمە لە ساڵی 2013ـەوە تائێستا هیچ یاسایێکی لەو جۆرەمان نەبووە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە یاسای خۆمانمان هەبێت و جارێکی دیکە لە بەرامبەر خەڵکەکەمان شەفاف بین. سەبارەت بە پارەی گشتی دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بێگومان زیانێکی زۆری هەیە. زیان بە عێراق دەگەیەنێت، هەروەها زیان بە هەرێمی کوردستانیش دەگەیەنێت. ئێمە لە بڕێکی بەرچاو لە داهاتەکانمان بێبەش بووین. 90%ـی داهاتی کوردستان لە نەوتەوە دێت. لە داهاتووی درێژخایەندا، پێویستە ئەم هاوکێشەیە بگۆڕین. پێویستە پشتبەستنمان بە نەوت کەم بکەینەوە. ئێمە پێویستمان بە سەرچاوەی دیکەی داهات هەیە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەرچاوە نوێیانەی داهات کاتی دەوێت و هەوڵێکی زۆری دەوێت. دیسانەوە من خۆم پێموایە ئەم رێککەوتنە کە واژۆ کراوە رێککەوتنێکی زۆر باشە، بەمەرجێک بە تەواوی وەک ئەوەی دیاری کراوە جێبەجێ بکرێت، هەروەها پێموایە کە پێویستە ئێمە فێڵە کۆنەکان تاقینەکەینەوە و هەوڵنەدەین فێڵ لە یەکدی بکەین یان بۆ مجاملە شتێک بکەین بڵێن باشە، ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە کە ئەمە واژۆدەکەین و دواتر ئێوە کاری خۆتان بکەن و منیش کاری خۆم دەکەم، کە ئەم شتانە لە رابردوودا روویانداوە. ئەگەر ئێمە رژد بین لەم بارەیەوە، پێویستە رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت. سۆمۆ سەرپەرشتیی فرۆشتنی نەوتەکە دەکات. دەمێکە دەڵێم بۆ من گرنگ نییە کێ ئەو نەوتە دەفرۆشێت. چەند ساڵێکە ئەم شتەم بە روونی گوتووە. خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کێشەکە چارەسەربکرێت و شەفاف بێت، داهاتەکان بگەڕێنەوە، داهاتەکان چاودێری بکرێن، داهاتەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن و بخرێنە بواری بەکارهێنانەوە بۆ قازانجی خەڵکی کوردستان. دواتر بەغدا بەرپرسیارە لە دابینکردنی پشکی تەواوی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و کوردستانیش دەبێت لە لای خۆیەوە بە رێککەوتنەکەوە پابەند بێت لە رووی هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی، هەناردەکردن، گەشەپێدان کێڵگەکان و بەڕێوەبردنیان. من گەشبینم، بەڵام هێشتا بە تەواوی لە کێشەکان رزگارمان نەبووە و کێشەمان ماوە بۆ چارەسەرکردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ