باوکە گیان سڵاو

03-10-2020
قوباد تاڵەبانی
نیشانەکردن قوباد تاڵەبانی مام جەلال
A+ A-
 
چەند رۆژێکە بیر لەوە دەکەمەوە هاتمە خزمەتت چیت پێ بڵێم و چیت بۆ باس بکەم! کوردستان وەک سەردەمی تۆ نەماوە؛ بارودۆخ خراپە و گوزەرانی خەڵك باش نییە.
 
ئەم بەیانییە تەماشای هەندێک لە وێنەکانتم دەکرد لە هەموویاندا گەشبین و دەم بە پێکەنین بووی، بیرم لەوە دەکردەوە سیحری ئەوە لە چیدایە کە لە ساتە ناخۆش و تاریكەکانیشدا هەر بە هیوا و ئومێدەوە دەتڕوانییە داهاتوو؟ بیرم لەوە دەکردەوە بۆچی بەر لەوەی نەخۆشی بە یەکجاری لە سیاسەت دوورت بخاتەوە، نەک تۆ، بەڵکو هەموو کورد بە هیوا و بە گەشبینییەوە ئەیانڕوانییە ئایندە؟
 
پێموایە هۆکارەکەی ئەوەبوو؛ تۆ لە رێبازی خۆت دڵنیابووی، گەلیش متمانەیان پێت هەبوو. رێبازی تۆ هەوڵدان و لێبڕان و ماندوونەناسی بوو لەپێناو ئازادی و بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەر لەبەر ئەمەش بوو هەر کاتێک کێشە و قەیرانێک هەبوایە چارەسەرێکت پێ بوو، كە هەمیشە لە بەرژەوەندی گشتیدا بوو، نەک لە بەرژەوەندی تایبەتی هیچ كەس و لایەنێك.
 
رێگای تۆ رێزگرتنە لە بیرکردنەوە و بۆچوونی جیاواز. ئەوانەی رەخنە قبوڵ ناکەن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی و هەڕەشە و سوکایەتیکردن بە دڵنیاییەوە دوورن لە بیروبۆچوونی ئازادیخوازانەی تۆ.
 
میراتی تۆ كێبڕكێی تەندروستیی سیاسییە، رێزگرتنە لە نەیار و ركابەر، هەوڵدانە بۆ یەکێتی و یەکڕیزیی گەلی کورد، كۆكردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان، رێزگرتنە‌ لە‌ سیمبولە‌كانی نیشتمان، بەڵام بەداخەوە لەو کاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرش و بڵاوین و وەك جاران یە‌كڕیز نین.
 
ئێستا کە سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی تۆدا تێپەڕدەبێت، بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر رێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵکانێکی مافیائاسا و پیسخۆر و گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە بە هەموو توانامەوە هەوڵدەدەم خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكەم.
 
باوکە گیان..
 
بەڵێنت پێدەدەم وەک تۆ شەڕ لەپێناو ئازادی گشتی و ئازادی بیروڕا دەکەم. وەک تۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووس و رەخنەگران و نووسەران دەکەم و بەرگریكاری مافی ژنان دەبم.
 
دڵنیابە لەگەڵ دڵسۆزانی راستەقینەت لە ئێستا بە دواوە بە گوڕوتینی زیاترەوە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئامۆژگارییەکانت تێدەکۆشین بۆ چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵی و یەکێتی ناو ریزەکانی یەکێتی و یەکێتی ریزەکانی کورد. دەزانم لەم رێگەیەدا تووشی رێگری و ناخۆشی و کۆسپی زۆر دەبین، بەڵام بە شانازییەوە هەرچی ناخۆشی و سەختییە قبوڵی دەکەین و چی لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت ئەوە دەکەین.
 
کوڕی خۆت
قوباد

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دڵنیا رەحمان

جیهان لە چاوی کامێرای کوردستان دا

کچێکی کوردی سنەییم، کۆڵەپشتی رۆژنامەڤانیم لە پشتە، دەچم بۆ نێو جەرگەی شەڕێکی گەورەی نێوان بە رواڵەت دوو دەوڵەت، بەڵام تۆ وادابنێ دوو جەمسەری جیهان. هەرچەند رووماڵی شەڕ مەترسیدارە، بەڵام کارەکە هەستێکی تایبەتم پێدەدات، لەبەرئەوەی ئێمەی کورد زۆر کارەساتمان بەسەر هاتووە و گلەییمان هەبووە کە راگەیاندنی دنیا وەک پێویست بایەخی پێنەداون، کە کۆڕەوی بەهاری 1991ی باشووری کوردستانیش روویدا، هەر راگەیاندنی جیهان بوو، کردییە رۆژەڤی گەورە و جیهانی لێ ئاگادارکردەوە، کەواتە کورد لە بایەخی میدیا تێگەیشتووەو، ئێستا خۆی خاوەنی دەزگایەکی میدیایی ئەوتۆیە کە رووداوەکانی جیهان بە زمانی کوردی دەگوازێتەوە و بە زمانی دیکەش لەگەڵ جیهان دا بەشی دەکات.