قوباد تاڵەبانی: یەکێتییە دڵسۆزەکان پەراوێز ناخرێن

01-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن قوباد تاڵەبانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای تەواوبوونی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا دەڵێت، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی "سەرکەوتوو بوو" و "یەکێتییە دڵسۆزەکان پەراوێز ناخرێن." 
 
رۆژی یەکشەممە 1-10-2023، قوباد تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئێستا هەمووان چاودێریی هەنگاوەکانی یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنج دەکەن. بۆیە بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی لە هەموو کات قورسترە و دەبێت لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بن." 
 
لە پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کۆسرەت رەسووڵ عەلی دەکات کە بە سیمبوولی یەکێتی دیاریکران. هەروەها پیرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دەکات. 
 
قوباد تاڵەبانی باس لە ئەنجامەکانی کۆنگرە دەکات و دەڵێت، "سەرکەوتوو بوو لەوەی کە یەکێتییە دڵسۆزەکان پەراوێز ناخرێن و هەموومان پێکەوە بڕیارمانداوە خزمەتکاری هاووڵاتییان بین بێ جیاوازی ناوچەیی و حیزبایەتی و ئایینی."
 
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی رۆژی 27ـی ئەیلوول دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی کۆنگرەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆکی حیزبەکە هەڵبژێردرا. لە کۆتا رۆژی کۆنگرەکەش، دەنگ لەسەر پەیڕەوی نێوخۆی حیزب درا و بەپێی پەیڕەوەکەش 60 ئەندامی کۆنگرەکە وەکو ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی هەڵبژێردران. 
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی هەنگاوەکانی یەکێتی لە دوای کۆنگرە گوتی، "یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەندامان و جەماوەری یەکێتیدا دەبێت."
 
هەروەها تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی دوای تەواوبوونی کۆنگرە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "لە کۆنگرەدا بەهۆی جۆش و خرۆشی ئەندامان، زۆر پێداگری لەسەر هەموو بڕگە و مادەکانی پەیڕەو کرایەوە، ئەوەش ماوەی کۆنگرەکەی بۆ پێنج رۆژ درێژکردەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

منداڵێک تووشی سکچوون و رشانەوە بووە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت. وێنە: رووداو

هەزاران کەس لە شارەزوور تووشی سکچوون و رشانەوە بوون؛ 11 تیمی تایبەت بەدواداچوون دەکەن

هەزاران کەس لە سنووری شارەزوور تووشی سکچوون و رشانەوە بوون. ئەیمەنی تەمەن 8 ساڵان یەکێکە لەو تووشبووانە و بەهۆی قورسیی توشبوونەکەی، رەوانەی سلێمانی کرا و لەوێ شەو و رۆژێک خەوێندرا، بەڵام دواتر جارێکی دیکە دۆخی تێکچووەتەوە و براوەتەوە نەخۆشخانە