رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کرماشان لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی کاری کۆڵبەری پێکهێنرا و ئامانج لێی، ئامادەکارییە بۆ جێبەجێکردنی یاسای رێکخستنەوەی کاری دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان لەو پارێزگایە.
بەڕێوەبەری گشتیی دادی پارێزگای کرماشان سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات و بڕیارە ئەو لیژنەیە کار لەسەر رەخساندنی هەلی کاری بەردەوام، ئامادەکردنی بانکی زانیاری لەبارەی کۆڵبەران و دیاریکردنی ئەو کەلوپەلانە بکات، رێگە دەدرێت دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان لە دەروازەکانەوە هاوردەی بکەن.
یەکەم کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو و تێیدا شەهرام کەرەمی، بەڕێوەبەری گشتیی دادی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بڕیاریانداوە دامودەزگا حکومییەکان لە دەروازە سنوورییەکان ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری هاوردەکردنی کەلوپەل لەلایەن ئەو کەسانەی خاوەن کارتی سنوورنشین. خاوەنی ئەو کارتانە لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و جوانڕۆ بەهۆی نەبوونی دەروازەی سنووری، لە دەروازەی شارەکانی دەورووبەریان کەڵک وەردەگرن.
بەپێی یاسای رێکخستنەوەی کاری دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، حکومەتی ئێران رێگە بە خاوەنی ئەو کارتانە دەدات مانگانە بڕێکی دیاریکراو کەلوپەلی رێگەپێدراوی بیانی هاوردە بکەن و بڕیارە لە ساڵی یەکەمدا گومرگیان لێوەرنەگیرێت و دواتر گومرگی کەمتریان لێوەربگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ