رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامێتیی دهۆک رایگەیاند، 11ـی ئەم مانگە دوایین وادەی فرۆشتنی ڤەیپە و 15ـی مانگ لیژنەکانیان سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن هەر دووکاندارێک ڤەیپ بفرۆشێت سزادەدرێت.
رۆژی شەممە، 03-02-2024، میلـلەت زکری، سەرۆکی لیژنەی چاودێری بازاڕ لە قایمقامێتیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پارەوە ئاگادارییان لەبارەی قەدەخەکردنی فرۆشتنی ڤەیپ بڵاوکردووەتەوە، "ئەو دەرفەتەی تاوەکو ئێستا بە دووکاندارانیش دراوە بۆ ئەوەیە ئەو دووکاندارانەی پێش بڕیارەکە ژمارەیەکی زۆر ڤەیپیان کڕیوە زەرەر نەکەن و ڤەیپەکانیان ببەنە دەرەوەی پارێزگای دهۆک و لە شارێکی دیکە ساخی بکەنەوە."
بە گوتەی سەرۆکی چاودێریی بازاڕ لە قایمقامێتیی دهۆک، تاوەکو 11ـی ئەم مانگە دەرفەت دراوە بە هەموو ئەو دووکاندارانەی کە ڤەیب دەفرۆشن، 15ی مانگ لیژنەکانی قایمقامییەت سەردانی نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن هەر کەسێک ڤەیب بفرۆشێت سزا دەدرێت، چی بە داخستنی دووکانەکانیان بێت بەشێوەیەکی کاتی یاخود بە پێبژاردن بێت.
میلـلەت زکری دەشڵێت، ئەوان چاودێریی فرۆشتنی ڤەیپ لە رێگەی ئۆنڵاینەوەش دەکەن، ئەگەر بێت و هەر کەسێک بە ئۆنڵاین ڤەیپ بفرۆشێت ئەوە چاودێری دەکرێت و دەدۆزێتەوە و سزادەدرێت، "ئێستا لە زاخۆ ڤەیپ نەماوە، بەو ئومێدە کاردەکەین تاوەکو مانگێکی دیکە لە دهۆکیش فرۆشتنی ڤەیپ نەمێنێت."
بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپ لە هەولێر و دهۆک لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 28-12-2023، تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی لەبارەی فرۆشتنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەرکەوت ڤەیپ بە ئاشکرا بە منداڵان و مێرمنداڵان دەفرۆشرێت.
ڤەیپ لە شاری هەولێر بە فەرمی قەدەخەیە و بە سەرجەم دووکانەکانی فرشتنی ڤەیپ و نێرگەلە گوتراوە، نابێت ڤەیپ بفرۆشن و بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن؛ فرۆشتنی ڤەیپ لە سلێمانی ئاساییە.
رۆژی 29ـی مانگی رابردوو فرۆشیارێکی ڤەیپ و نێرگەلە لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئێستا دەیان جۆر ڤەیپم هەیە و دەیفرۆشم، دەنگۆیەک هەبوو قەدەخە دەکرێت لێرە، بەڵام راست نییە و تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ