رووداو دیجیتاڵ
نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی 12ی 2023 لە سلێمانی لەنێوان 13500 بۆ 22250 دینارە؛ لە هەڵەبجە لەنێوان 14500 بۆ 15500دینارە؛ لە پارێزگای دهۆک لەنێوان 8500 بۆ 21500 دینارە و لە پارێزگای هەولێریش لەنێوان 12000 بۆ 21500 دینارە.
رۆژی چوارشەممە 03-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی ههر كاژێرێک کارەبای موەلیدە بۆ یهک ئهمپێر 44 دینارە، بەوەش نرخی یهک ئهمپێر كارهبای موهلیدهی ئههلی گهڕهكهكانی ناو شاری سلێمانی لهنێوان 13500 بۆ 14500 دینارە، بەڵام بههۆی جیاوازیی كارکردنیان نرخی ئهمپێرێک له گهڕهكێک بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەشڵێت، ئهو شوێنانهی بەرنامەى کارکردنى موەلیدەکانیان لە 07:00ی بەیانى بۆ 01:00ی شەوە، نرخى ئەمپێریان 17 بۆ 18 هەزار دینارە، ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان 24 کاژێرییە، نرخى ئەمپێریان 21 هەزار بۆ 22250 دینارە.
بۆ ئەم مانگە موەلیدە ئەهلییەکانی شاری سلێمانی خشتەی کارکردنیان گۆڕیوە و کارەبای سلێمانی دەڵێت، موەلیدەکان لەنێوان 01:00ی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 01:00ی دوای نیوەشەو، ئەگەر کارەباى نیشتمانى کوژایەوە، کاردەکەن؛ بەیانیانیش لە کاژێر 6:30 تاوەکو 8:00ى بەیانى کار دەکەن. رۆژانى هەینى و پشووە فەرمییەکانیش بەیانیان کار ناکەن، بەڵام لەبرى ئەوە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ کار دەکەن.
بەراورد بە مانگی 11ی 2023، نرخی کارەبای موەلیدە لە هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر و دهۆکیش زیادی کردووە. مانگی 11 لە پارێزگای سلێمانی موەلیدەکان لەنێوان (225 بۆ 250) کاژێر کاریان کرد و نرخی هەر ئەمپێرێک لەنێوان 10 بۆ 13 هەزار دینار بووە. ئەو شوێنانەی داوای کارەبای 24 کاژێرییان کردبوو، نرخەکانیان لەنێوان 13 هەزار بۆ 14500 دینار بووە.
لە پارێزگای هەڵەبجەش ئەمڕۆ نرخی کارەبای موەلیدە دیاریکرا. زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامیەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر موەلیدەیەک نزیکەی 310 بۆ 325 کاژێر کاری کردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 14500 بۆ 15500 دینارە.
مانگی 11 موەلیدەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەنێوان 214 بۆ 218 کاژێر کاریان کرد و نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 9500 بۆ 10250 دینار بووە. لەبارەی زیادبوونی نرخی کارەبای موەلیدە، زووهرە یوسف گوتی، "کاژێرەکانی کارەبای مانگی 12 بەراورد بە مانگی 11 زیادیان کردووە، بۆیە نرخی مانگی 12 بەراورد بە 11 زیادیکردووە."
لە پارێزگای دهۆک رۆژی سێشەممە 02-01-2024 نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی 12ـی 2023 دیاریکرا. هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "موەلیدەکان 474 کاژێر کاریان کردووە و نرخی هەر ئەمپێرێک لە نێوان 8500 بۆ 19 هەزار دینارە و ئەو شوێنانەی داوای کارەبای 24 کاژێرییان کردووە نرخەکانیان 21 هەزار و 500 دینار بووە."
بەراورد بە مانگی 11ـی 2023 نرخی کارەبای موەلیدە لە پارێزگای دهۆکیش زیادیکردووە، نرخی ئەمپێری موەلیدە لە سەنتەری دهۆک بۆ مانگی 11 لەنێوان 8500 بۆ 16500 دینار بووە.
رۆژی دووشەممە 01-01-2024 نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی 12 لە پارێزگای هەولێر دیاریکرا کە نرخی هەر ئەمپێرێک لەنێوان 12 بۆ 17 هەزار دینار بووە، بەڵام ئەو گەڕەکانەی داوای کارەبای 24 کاژێرییان کردووە، نرخی هەر ئەمپێرێک لەنێوان 20,500 بۆ 21,500 دینار بووە و موەلیدەکان لەو مانگەدا نزیکەی 372 کاژێر کاریان کردووە.
نرخی کارەبای موەلیدە لە هەولێریش زیادیکردووە، مانگی 11ـی 2023 ئەو گەڕەکانەی لەسەر داوای خۆیان لە 06:30ی بەیانییەوە تاوەکو 01:00ی شەو بێ بڕان کارەبایان هەبووە، نرخەکەی لەنێوان 14500 بۆ 15 هەزار دینار بووە؛ ئەو گەڕەکانەشی لەسەر داواکاریی خۆیان 24 کاژێر کارەبایان پێدراوە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبایان تاوەکو 18500 دینار بووە.
نرخی کارەبای موەلیدە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی کاژێرەکانیەوە زیادیکردووە، لە هەموو پارێزگاکان کاژێرەکانی کارەبا لە مانگی 12 بەراورد بە مانگی 11ی 2023 زیادیکردووە.
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7000 موەلیدەی ئەهلی هەبوون و کارەبایان داوەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 311 هەزار هاوبەش، کە زۆرترینیان لە سلێمانی و کەمترینیش لە دهۆک بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ