رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتیان راگرتووە، چونکە خواستی لەسەر نییە و "کەس داوای ناکات" و هەمووان چاوەڕوانی هاتنی نەوتی حکومەتی عێراقن. بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانیش دەڵێت، "هەموو رێکارەکانی ناردنی نەوتی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان تەواو بووە و بەمنزیکانە دەگات."
رۆژی چوارشەممە 03-01-2024 ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای تەواوبوونی پشووی سەری ساڵ، دەستمان بە دابەشکردنی نەوت نەکردووەتەوە و راگیراوە. دوو بۆ سێ رۆژ پێش پشووش بڕێک نەوتمان هێنا، بەڵام بە دوو رۆژ دابەشکرا، چونکە خەڵک وەری نەدەگرت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە، "لەبەر دوو هۆکار خواست لەسەر نەوت نییە و کەس داوای ناکات، یەکەم، دووبارە باس لە ناردنی نەوتی حکومەتی عێراق دەکرێت و هەروەها بارودۆخی دارایی خەڵک باش نییە، بۆیە داوای ناکەن."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، کۆبووەوە و پێدانی نەوتی ماڵانی بە هەرێمی کوردستان بۆ چوار مانگ بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک پەسند کرد، لە کاتێکدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی 200 لیتری کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە بەسەر هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، بە 103 هەزار و 500 دینارە.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ لە بەیانیی زووەوە تاوەکو شەو نەوت دابەشکراوە، بەڵام تەنیا سێ هەزار ماڵ وەریانگرتووە، چونکە خواست لەسەری کەمبووە و هەموو چاوەڕوانی نەوتی 50 هەزار دیناری دەکات، خەڵکیش هەیە پارەی نییە نەوت بکڕێت."
بە گوتەی سەلام عومەر، سەرەڕای کەمبوونی خواست لەسەر نەوت، بەڵام هێشتا دابەشکردنیان رانەگرتووە و ئێستا لە مەڵبەندی حەوت دابەشکردنی نەوت بەردەوامە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان 72 ملیۆن و 317 هەزار لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 365 هەزار خێزان دابەشکراوە.
لەبارەی ناردنی نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی گوتی، "هەموو رێکارەکان تەواوبوون و بەمنزکانە دەگات."
رۆژی سێشەممە، 02-01-2024، وەزارەتی سامانەسرووشتییەکان لەبارەی دابەشکردنی نەوتی رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تا سەرەتای ئەمساڵ بڕی نزیکەی 207 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەشکردووە بەمشێوەیە؛ هەولێر زیاتر لە 90 ملیۆن لیتر؛ سلێمانی نزیکەی 72 ملیۆن لیتر و دهۆک نزیکەی 44 ملیۆن لیترە.
هاوکات وەزارەتی سامانەسرووشتییەکان گوتیشی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبوونە کە دەکاتە زیاتر لە 80%ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان و رێژەی سوودمەندبووان بەمشێوەیە؛ هەولێر نزیکەی 94%، سلێمانی: نزیکەی 69% و دهۆک زیاتر لە 79%.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ