رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، داواکراوێکیان دەستگیر کردووە کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ چەند "ئاژاوەگێڕێک" لە سنووری قەزای چەمچەماڵ تەقەیەکی زۆریان کرد و بوونە هۆی مەترسی و بێزارکردنی هاووڵاتییانی سنوورەکە و دواتر ناوبراو هەڵهات.
رۆژی شەممە، 02-12-2023 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی داواکراوێکی "لەیاسا هەڵاتوو"ی راگەیاند و گوتی، "لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە رۆژی 02-12-2023 تۆمەتباری لەیاسا هەڵاتوو (م. ک. ت.) لە قەزای بازیان دەستگیر کرا."
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "دەستگیرکردنی ئەم داواکراوە لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوو چەند ئاژاوەگێڕێک لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە ناحیەی شۆڕش تەقەیەکی زۆریان کرد و بوونە هۆی مەترسی و بێزاریی هاووڵاتییانی سنوورەکە."
تۆمەتباران بەپێی ماددەی (15) لە یاسای چەک فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکرا. ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، پاش گەشتنی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆی کوردستان بۆ شوێنی رووداوەکە، تۆمەتباران بەچەک رووبەڕووی هێزەکان بوونەوە و تۆمەتبار (م. ک. ت.) هەڵهات و پاش ماوەیەک لە خۆحەشاردان و خۆشاردنەوە، ئەمڕۆ لە قەزای بازیان دەستگیرکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، تۆمەتبارەکە چەندین فەرمانی گرتنی دیکەی هەیە و پێشینەی "تاوان، تەقەکردن و رفاندنی هەیە."
دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 12-09-2023، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، شەش چەکداریان دەستگیر کرد کە "تەقەکەر و ئاژاوەگێڕ" بوون و لە ناحیەی شۆڕشی سنووری چەمچەماڵ لە باخێکدا تەقەیان کردووە، ئەوەش ببووە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.
ئەو چەکدارانە شەوی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023 لە ئاهەنگێکدا تەقەیان کرد، دواتر چەند هاونیشتمانییەک سکاڵایان کرد و ئاسایشی سلێمانی گوتی، لەسەر داوای ئەو هاونیشتمانییانە بەدواداچوونیان کردووە و تەقەکەرەکانیان دەستگیر کردووە.
لەکاتی رووداوەکە، دەنگۆیەک بڵاوبووەوە، کە گۆرانیبێژێک بەناوی کاروان شارەوانی، لە دانیشتنەکەدا گۆرانی گوتووە و دەستگیر کراوە. هەر ئەوکات لەوبارەوە هاوتا عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش بە رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی تەقەیان کردبێت دەستگیرکراون، تەنیا خاوەنی باخەکە ماوە، کە ئەویش هەڵاتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ