مانگی رابردوو 650 منداڵ بەر لە وادەی خۆیان لەدایکبوون

02-12-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی منداڵبوون و فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی لە ماوەی مانگی رابردوو 981 منداڵ لە سلێمانی لەدایکبوون، لەو ژمارەیە 650یان نەبەکامن واتە پێش وادەی خۆیان لەدایکبوون؛ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت: "ئەم ژمارەیە زۆرە و کێشەیە بۆ نەوەی داهاتوو، پەیوەندییشی بە زۆربوونی گوشار لەسەر خەڵک و بەکارهێنانی زۆری ئامێرەکانی پەیوەندی و هەروەها زۆربوونی دانانی منداڵی بلووری و منداڵبوون لە تەمەنی زوو یان درەنگەوە هەیە." 
 
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی منداڵبوون و فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، مانگی رابردوو 5 هەزار و 415 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان كردووە و لەو ژمارەیە هەزار و 730 نەخۆش داخڵ كراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە. 
 
هەروەها لەو مانگەدا 981 منداڵ لەدایکبوون (528 منداڵی کوڕ و 453 منداڵی كچ) 539 لەو منداڵانە بەشێوەی سرووشتی لەدایكبوون و 442یان لە رێگەی نەشتەرگەری. 
 
هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو نەخۆشخانەیە لە کۆی 981 منداڵی لەدایکبووی مانگی رابردوو، 650 منداڵیان لەبەشی نەبەكام داخڵ كراون و 22  منداڵی دووانە، چوار لەدایکبوونی سیانە، هەبووە، هەروەها 59 ئافرەتیش منداڵیان لەبارچووە.
 
رۆژی هەینی 2-12-2022، دكتۆر شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی لەبارەی زۆربوونی منداڵی نەبەکام بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەیان زۆر بووە، ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیدار و خراپە بەتایبەت لەسەر نەوەکانمان."
 
سەبارەت بە هۆکارەکانیشی، دکتۆر شلێر گوتی: "هۆکارەکان زۆرن، لەوانە زۆربوونی دانانی منداڵی بلووری، زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد و کەم جوڵەکردن و هەروەها زۆربوونی گوشار و سترێس. لەگەڵ ئەوەشدا هۆکاری دیکەش هەن لەوانە ئافرەتان یان لە تەمەنی زوو شوو دەکەن و منداڵیان دەبێت یان زوو منداڵیان دەوێت یان لە تەمەنێکی درەنگ منداڵیان دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە 25ـی ئەیلوولی 2022، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵان لە سلێمانی، سەبارەت بە زیادبوونی تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشییەکانی ئیفلیجی مێشک، ئۆتیزم، هاوشێوەی ئۆتیزم و مەنگۆلی بە رووداوی گوتبوو: "تاڕادەیەک تووشبوون بەو نەخۆشییانە لەنێو منداڵاندا زیادیکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە پزیشکانی دەروونی و چارەسەری سرووشتی، زێدەڕۆیی لە دیاریکردنی نەخۆشییەکان دەکەن، ئیدی ئەوە بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست، بۆ ئەوەی نەخۆش زۆر سەردانیان بکەن."
 
بە گوتەی ئەو پزیشکە، بەشێک لە منداڵانی تووشبوو بەو نەخۆشییانە هۆکارەکەی "بۆماوەیین"، بەڵام دەشڵێت: "بەکارهێنانی زۆری مۆبایل و ئایپاد، کەمخەویی و گۆشەگیریی تووشبوون بەو نەخۆشییانەی لەنێو منداڵان زیاد کردووە.
 
ئەو پزیشکە دایکان و باوکان لە پشتگوێخستنی منداڵان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: "قسەنەکردن لەگەڵ منداڵان و گۆشەگیرییان هۆکارە بۆ ئەو نەخۆشییانە بەتایبەت ئێستا زۆر لە دایکان و باوکان لە دەوامن و کەمتر قسە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن."
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا باس لە زیادبوونی رێژەی منداڵبوون پێش وادەی خۆی (نەبەکام) دەکات و دەڵێت: "جاران منداڵی نەبەکاممان هەبوون نەدەژیان، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی چاودێری و چارەسەریی باشمان هەیە، زۆربەیان دەژین، بەڵام لێکەوتە و کاریگەری لەسەریان دەبێت، بەشێک لەوانە تووشی ئیفلیجی دەبن." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

نووسراو بۆ حکومەتى فیدراڵى دەکرێت بۆ هاوتاکردنى مووچەى چاودێرى کۆمەڵایەتى

چەند نووسراوێک ئاڕاستەى ئەمیندراێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەکرێت بۆ ئەوەى مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى هەرێمى کوردستان هاوتاى بەغدا بکرێت و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش لەگەڵ وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى فیدراڵ بۆ ئەو مەبەستە کۆدەبنەوە.