کوردستان
پێنەدانی پارەی موەلیدە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەوە یەکێکە لەو گرفتانەی رووبەڕووی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان بووەتەوە. وێنە: ئەرشیڤ/بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێت، مانگی رابردوو بۆ هاوکاریکردنی فەرمانبەران بڕیار دراوە تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە پارەی موەلیدە لە فەرمانبەران وەرنەگیرێت، بەڵام خەڵکانێک نەیانهێشتووە فەرمانبەران سوود لەو بڕیارە وەربگرن. لە سلێمانیش ماڵ هەیە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەوە سێ مانگە پارەی کارەبای موەلیدەی نەداوە.
رۆژی پێنجشەممە 02-11-2023 قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مانگی رابردوو بڕیارماندا بۆ هاوکاریکردنی فەرمانبەران پارەی موەلیدەیان لێ وەرنەگیرێت تاوەکو مووچە دابەشدەکرێت، بەڵام بەداخەوە میلـلەتی ئێمە نەیانهێشت فەرمانبەر سوود لەو بڕیارە ببینێت، ماڵ هەبوو خاوەنی دووکان بووە و وەنەوشەی لە پێش دەرگای راگرتووە، گوتوویەتی من فەرمانبەرم و مووچەم وەرنەگرتووە."
بە گوتەی قارەمان مەولوود، ئەو بڕیارەیان بۆ مانگی تشرینی یەکەم هەڵوەشاندووەتەوە و هەفتەی داهاتوو مووچە دابەشدەکرێت. دەشڵێت، "خاوەن موەلیدە هەبووە زانیویەتی چ ماڵێک فەرمانبەر نییە، بەڵام چی بکات، ئەوان دەڵێن تاوەکو مووچە وەرنەگرین پارە نادەین."
بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "ماڵ هەیە لە هەولێر تاوەکو ئێستا پارەی موەلیدەی دوو، سێ و چوار مانگی نەداوە، هەیە پارەی مانگێکی نەداوە، لە گەڕەکێک بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت. ئەگەر کەسەکە لە خانووی خۆی بێت ئاساییە، بەڵام کرێچی بێت کێشەکە گەورە دەبێت، چونکە ماڵ بگوازێتەوە و بڕوات خاوەن موەلیدە نازانێت بۆ کوێ دەڕوات."
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت بە گوتەی قارەمان مەولوود،"کێشەی بەستانی ئەو سێرکتە زیرەکەیە کە خەڵک گلەیی لێ هەیە، دەبێت بزانن ئەوە ئارەزوومەندایە و بە زۆر نابێت، هەروەها هەر خاوەن موەلیدەیەک دەیبەستێت هاووڵاتی یەک دیناری پێ نەدات، ئەگەریش خاوەن موەلیدە چوار ئەمپێری ببەستێت و سرکتەکە سێ ئەمپێر و نیو رابکێشێت ئەوە خاوەن موەلیدە سزا دەدرێت."
پێنەدانی پارەی موەلیدە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەوە یەکێکە لەو گرفتانەی رووبەڕووی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانیش بووەتەوە.
تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماڵ هەیە پارەی سێ مانگ، دوو مانگ، یان مانگێکی موەلیدەی نەداوە و دەڵێت، مووچە نییە و پارە نییە ئێمەش وەک خاوەن موەلیدەکان ناکرێت کارەبای ببڕین بە پێچەوانەوە هاوکاریمان کردوون تاوەکو مووچە وەردەگرن."
بە گوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ماڵ هەبووە فەرمانبەر نەبووە تەنیا بۆ ئەوەی پارەی موەلیدە نەدات گوتویەتی مووچەم وەرنەگرتووە و دەڵێت: "ماڵ هەیە دووکاندارە و دەڵێت، مووچەم وەرنەگرتووە خەڵکێکی ئاواش هەن، بەڵام لە سلێمانی ئارەزوومەندانە بووە خاوەن موەلیدە دەزانێت کام ماڵە فەرمانبەرە و کامەیان پارەی نییە و بەگوێرەی ئەوە هاوکاری دەکرێن."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 200 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و رۆژی شەممە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران.
تاوەکو ئێستا چارەنووسی دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم لە هەرێمی کوردستان دیار نییە و لە عێراقیش دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم تەواو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ