رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، لیژنەیەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەندام و سەرکردە زوویرەکان پێکدەهێندرێت. ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتیش دەڵێت، "دوای کۆنگرە، کاری لەپێشینەمان هەوڵدان بۆ یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان دەبێت."
رۆژی دووشەممە، 02-10-2023، لوقمان وەردی، ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بوو، کە ئەمەش بە کۆدەنگیی یەکێتی و سەرکردایەتیی نوێی حیزبەکەی دەزانێت.
لوقمان وەردی گوتی، کورسییەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەسەر بنەمای جوگرافیا دابەشنەکراون، ''بەڵام ئەو لایەنەش لەبەرچاوگیراوە و ئەنجوومەنەکە تێکەڵەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی کۆن و بەشێک لە کادیرانی پێشکەوتووی یەکێتین کە بەپێی هاوسەنگی و لایەنی جوگرافی، توانا و پێویستییەکانی قۆناخی داهاتووی خەباتی یەکێتی هەڵبژێردراون.''
لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کۆمەڵێک سەرکردەی دیاری ئەو حیزبە ئامادەنەبوون، بە تایبەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندییەکان و کۆمەڵێک ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی: ''ئەمەش لە کۆنگرە گفتوگۆی لەسەر کرا و بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، هەر دوای کۆنگرە دەرگە بۆ تێکۆشەرانمان کراوەیە و یەکێک لە ئامانجەکانی کۆنگرە ئاشتکردنەوەی تێکۆشەرانی یەکێتییە.''
لوقمان وەردی گوتیشی: ''یەکێتی دەستبەرداری تێکۆشەرەکانی خۆی نابێت، بەڵکو لە داهاتوودا هەنگاوی یەکەممان سەردانیکردن و ئاشتکردنەوەی تێکۆشەرانی یەکێتییە و دەرگەی یەکێتی لەوبارەوە کراوەیە.''
هەر ئەمڕۆ، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بە سەنگەر عەبدولڕەحمانی گوت، بە بڕیاری کۆنگرە لیژنەیەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی تێبینی جیاجیایان هەبوو، دروست دەکرێت، گوتیشی: ''ئامانج لە پێکهێنانی ئەم لیژنەیە تەنیا گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ هەموو ئەو تێکۆشەر و کاراکتەرانەی یەکێتی گفتوگۆ دەکەین، کە تێبینییان هەیە.''
بەگوتەی لوقمان وەردی، ئەوانەی پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان بوون و بەشداری کۆنگرەی پێنجەمیان نەکردووە، ئەم مافەیان لێ نەستێندراوەتەوە و ''بەشێکن لە مێژووی یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتی، لە داهاتووشدا بۆ هەر پرسێک راوێژیان پێدەکرێت.''
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەبێت 25٪ـی (15 کەس) ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئافرەت بن، بەڵام لە کۆنگرەی پێنجەمدا، تەنیا 9 ئافرەت وەکو سەرکردایەتی هەڵبژێردراون، لوقمان وەردی رەتیدەکاتەوە ئەو بابەتە پێچەوانەی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی بێت و دەڵێت، ''هەڵبژاردنی نۆ ئافرەت، پێشێلکردنی پەیڕەوی نێوخۆ نییە و یەکێتی لە ئۆرگان و ئەنجوومەنەکانی دیکەدا بابەتی هاوسەنگی لەبەرچاو دەگرێت.''
رۆژی 27-09-2023، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی بەست کە پێنج رۆژی خایاند، وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، دوای کۆنگرە کاری لەپێشینەیان دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا و یەکڕیزیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەبێت، ''تاوەکو یەکێتی و یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی ناوخۆ بەهێزتر بێت، دۆستەکانمان زیاتر دەستی دۆستایەتیمان بۆ درێژدەکەن و نەیارەکانیشمان زیاتر دەترسن.''
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی 27ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، کۆتاییهات و جەعفەر شێخ مستەفا، وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەستنیشانکرا، بەڵام ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە باڵایە هەڵنەبژێردران کە بەگوتەی تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بە هاوئاهەنگیی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و سکرتێری ئەنجوومەنەکە، ئەندامانەکان دیاریدەکرێن.
ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش لە 120 کەسەوە بۆ نیوە کەمکراونەتەوە کە بە یەک لیستی داخراو هەڵبژێردراون و رووداو زانیویەتی، ژمارەیەک لە ئەندامان لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستنیشانکراون، ستران عەبدوڵڵا پێیوایە ئەمە لیستی بافڵ تاڵەبانی نەبووە، ''بەڵکو لیستی یەکێتییە کە کاک بافڵ تەنیا چەند ناوێکی دیاریکردووە و هەڤاڵانی دیکەش لە دیاریکردنی ناوەکان و ئەو رێوشوێنانەی بۆ بنەمای حیزبی پێویستن، بەشداربوون.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ