رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 2-9-2023 کوردانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی کەرکووک-هەولێر لەلایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە لە گەڕەکی رەحیماوا دەستیان بە گردبوونەوە کرد و دواتر گرژی دروستبوو. پەیامنێری رووداو دەڵێت، "تەقە بەسەر خۆپێشاندەرانی کورددا دەکرێت؛ هاوکات چەند ئۆتۆمبێلێک سووتاون و جامی چەند ئۆتۆمبێلێک شکێندراون".
هەردی محەممەد، پەیامنیری تۆڕی میدیایی رووداو لە نێو گردبوونەوەکە گوتی، "کوردانی کەرکووک وەک ناڕەزایی، ئاگریان لە نێو شەقامێکدا کردەوە و رێگەکەیان داخست. خەڵکێکی زۆر ناڕازین کە رێگەکە داخراوە. کەمێک لەمەوبەریش لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک سەردانی شوێنی گردبوونەوەکەی کرد و گوتی، لە دوو رۆژی داهاتوودا رێگەکە دەکرێتەوە و پێویست بە گردبوونەوە ناکات."
دواتر گرژی دروستبوو. بە گوتەی پەیامنێری رووداو،"تەقە بەسەر خۆپێشاندەرانی کورددا دەکرێت؛ چەند ئۆتۆمبێلێکیش سووتاون و جامی چەند ئۆتۆمبێلێک شکێندراوە".
خۆپێشاندەران: کەرکووک کوردستانییە
یەکێک لەو هاونیشتمانیانەی لە گردبوونەوەکەدا بوو بە هەردی محەممەد گوت، "ژیان و گوزەرانی ئێمە زۆر ناخۆش بووە؛ دەیان و سەدان مامۆستا و فەرمانبەر ژیانیان لەسەر ئەو رێگەیە؛ رێگەیەکی گرنگی ئەم شارە پەکخراوە. لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان هیچ هەڵوێستێکیان نییە. پەرلەمانتار، وەزیر، جێگری سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆک پەرلەمان و حیزبە سیاسییەکانی ئەم شارە کەسیان خۆیان ناکەن بە خاوەنی ئێمە".
یەکێکی دیکە لە هاونیشتمانیەکان بە پەیامنێری رووداوی گوت، ئەوان ئامانجیان داخستنی رێگەکان نییە، بەڵكو پاراستنی شکۆی کوردە و گوتی، "لەم شارە شکۆی کورد نەماوە. ئەم کوردە هێندە زەلیل و داماوە و کەسیش لەسەری بە دەنگ نایەت. ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی مافی کورد وەربگرین".
هاونیشتمانیەکی دیکە بە دەنگی بەرز گوتی، "وەکو جەنابی سەرۆک بارزانی گوتویەتی، کەس ناتوانێت ناسنامەی کەرکووک بگۆڕێت. کەرکووک کوردستانییە؛ کوردستانییە."
هاونیشتمانیەکی دیکە لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکان کرد و گوتی، "وەرنە سەر هێڵ. گەنجی ئەم شارە لە گەڕەکە کوردییەکان سووکایەتی پێ دەکرێت؛ رێگەی کورد دەگیرێت و پەیکەری کورد بەردی تێ دەگیرێت".
بەڵێن درا رێگەکە بکرێتەوە
هەر ئەمڕۆ لەکاتی گردبوونەوەی کوردانی کەرکووک، لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک لە نێو گردبوونەوەکەدا گوتی، "لەگەڵ هەموو دەسەڵاتە سیاسییەکان لە گفتوگۆداین. بەگوێرەی ئەو ئاگادارکردنەوەی بە من گەیشتووە، سبەی دوو سبەی کۆتایی بەم دۆخە دێت و رێگەکە دەکرێتەوە و پێویست بە گردبوونەوە ناکات".
لیوا کاوە غەریب گوتی، "کەرکووک هی هەموانە و هی هیچ لایەن، نەتەوە و دەسەڵاتێک نییە. کەرکووکییەکان دەبێت پێکەوە بژین و پێکەوە بمرن و لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەوە لە گفتوگۆداین."
گرتنی رێگەی نێوان هەولێر – کەرکووک لەلایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە بوو، ئەوەش دژی کردنەوەی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارەکە، ئەوەش لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی مۆڵەتپێدراوە لە عێراق. تەنانەت یەکێک لە بڕگەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندی بە رادەستکردنەوەی بارەگای پارتە سیاسییەکانەوە هەیە، لەوانەش بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ