هۆشداریی لە دووبارەبوونەوەی تەقینەوە لە گۆڕەپانی ئاسنفرۆشانی کفری دەدرێت

02-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای تەقینەوەیەک لە گۆڕەپانی ئاسنفرۆشانی کفری کە کوڕێک گیانی لەدەستدا و باوکیشی بە سەختی برینداربوو، کارمەندێکی دەزگای مین هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە دەدات. قایمقامی کفریش دەڵێت، کاری ئاسنفرۆشان لەو شوێنە "نایاساییە" و باسیش لە هەوڵەکانیان بۆ دووبارەنەبوونەوەی تەقینەوە لە گۆڕەپانەکە دەکات.
 
رۆژی هەینی، 2ـی ئەیلوولی 2022، ئاکۆ محەممەد، کارمەندی دەزگای مین لە گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان هەفتانە سەردانی ئەو گۆڕەپانە دەکەن کە ئاسنی تێدا دەفرۆشرێت و کاسبکارانی ناوچەکە هۆشیار دەکەنەوە. دەشڵێت: "لەگەڵ هێنانی بارە ئاسنەکاندا کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە دێن، گوللـەتۆپ و هاوەنیش هەیە؛ ئەم پارچە تەقەمەنییانە وەك پارچەی ئاسنی سکراب هەژمار دەکرێن. جاری وا هەبووە بۆمبی 100 کیلیۆییش لەنێو بارەکاندا هەبووە. هەندێک کاسبکار ئێمە ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام هەندێکی دیکە هەن پشتگوێی دەخەن بەبێ ئەوەی بیربکەنەوە چەندە مەترسیی هەیە لەسەر ژیانی خۆیان".
 
ئاکۆ محەممەد باسی لەوەش کرد کە مامەڵەکردنی کاسبکاران لەگەڵ ئاسنەکاندا بە حەفارە و تێکەڵکردنیان و پانکردنەوەیان هەمووی مەترسییە لەسەر ژیانی کاسبکارانی گۆڕەپانەکە.
 
تیمی دەزگای مین لە گەرمیان هەفتانە سەردانی گۆڕەپانەکە دەکەن. ئاکۆ محەممەد دەڵێت، ئەوان هیواخوازن کاسبکاران هۆشیارتر بن و خۆیان پەیوەندییان پێوەبکەن کاتێک تەقەمەنی دەبینن.
 
پێشنیازی ئاکۆ محەممەد بۆ لایەنی کارگێڕیی کفری ئەوەیە کە شوێنێکی تایبەت دیاری بکەن و هێڵی سووری بەدەوردا بکێشن و کاسبکاران ناچاربکەن کە هەر تەقەمەنییەکیان بینی لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکەنەوە. 
 
لەبارەی ئەو پێشنیازە، قایمقامی کفری دەڵێت: "ئەوە چارەسەر نییە، چونکە بارەکان هەڵدەڕێژرێن و دیارنین چییان تێدایە".
 
شەماڵ نامیق، قایمقامی کفری رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان چەند جارێک لەگەڵ ئەو کاسبکارانەدا دانیشتوون و پێشنیازی شوێنی دیکەشیان بۆ کردوون، بەڵام سوودی نەبووە. گوتیشی: "ئەو کاسبکارانە هیچ مامەڵەیەکی فەرمییان بۆ نەکراوە؛ شوێنەکەیان زێدەڕۆیە؛ ئەو زەوییانەی ئەوانی تێدایە لەسەر رێگەی کفری و کارێز، زەوی کشتوکاڵییە و ناکۆکییان لەسەرە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق".
 
قایمقامی کفری ئاماژەی بەوەش کرد کە دەکرێت دادگەش رۆڵی خۆی بگێڕێت، چونکە زەوییەکان "زێدەڕۆن و زێدەڕۆییش قەدەخەیە". ئاماژەی بەوەش کرد، کاسبکاران و لایەنی پەیوەندیداریش کە پێشتر رێگەیان داوە جێگیربن لەو شوێنەدا، کەمتەرخەم بوون.
 
شەماڵ نامیق هەروەها باس لەوەش دەکات کە گۆڕەپانەکە مەترسیی زۆری دروستکردووە، "بەڕاستی ئێمەش نامانەوێت دەستبخەینە نێو قووتی هیچ هاونیشتمانییەکەوە؛ لەگەڵ داواکاری گشتی لەسەرهێڵین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک".
 
سەبارەت بە چارەسەرەکەش، قایمقامی کفری گوتی، دەیانەوێت ئامێرێکی سۆنەر دابنێن بۆ ئەوەی پێش ئەوەی بارە ئاسنەکە هەڵبڕێژرێت، سۆنەری بۆ بکرێت و ئەگەر تەقەمەنی تێدابێت، پێی بزانرێت.
 
رۆژی هەینی، 2ـی ئەیلوولی 2022، لەکاتی کۆکردنەوەی ئاسن لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئاسن لە کفری، مینێک تەقییەوە و بەهۆیەوە کوڕ و باوکێک برینداربوون، بەڵام دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، کوڕەکە کە ناوی عەلی تارق حوسێن بوو، گیانی لەدەستدا.
 
لە کفری 30 گۆڕەپانی ئاسن هەن کە رۆژانە سێ هەزار تۆن ئاسن لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە دەبرێنە ئەوێ و لەوێشەوە بۆ سلێمانی دەنێردرێن کە زیاتر لە 600 کرێکار، شۆفێر و بازرگان کاری تێدا دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا.

کۆنسووڵی ئەمریکا بە کوردی داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن

ستێڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا بە زمانی کوردی دەڵێت: "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەران ئامرازێکی گرنگە بۆ دیموکراسییەکی گەشەسەندوو، چونکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی لە داڕشتنی داهاتووی خۆیاندا، دەنگیان هەیە."