لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 450 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

02-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 450 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، پارێزگای هەولێر زۆرترین گەشتیاری بۆ چووە و دهۆکیش کەمترین.
 
لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 143 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە، سلێمانی زیاتر لە 113 هەزار گەشتیار، پارێزگای هەڵەبجە تەنیا لە چوار رۆژی جەژندا 100 هەزار گەشتیار و لە 25ی حوزەیرانەوەش تاوەکو دوێنێ شەممە 96 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە.
 
لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 143 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە
 
پارێزگای هەولێر لەبارەی پلانی رۆژانی جەژنی قوربان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لیژنە تایبەت بە پێدانی رێنوێنی بە گەشتیاران پێکهێندرابوو، ئەوە جگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم رێستۆرانت و چێشتخانەکان و پێدانی رێنوێنی بۆ کردنەوە و پێشوازیکردنیان لە گەشتیاران.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بەبۆنەی جەژن سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە دەڵێت، لە هەفتەیەکدا 143 هەزار و921 گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
 
دەربارەی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە رۆژانی جەژن 35 تاوان تۆمار کراون، 26ـیان ئاشکرا کراون و نۆیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە؛ هەر لە رۆژانی جەژن هەشت رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە هەشت کەس بریندار بوون و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە.
 
سەبارەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوە و کۆی گشتیی سەرجەم ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە لە رۆژانی جەژنی قوربان، لە راگەیێندراوەکە ئەوە خراوەتەڕوو، نۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوە و یەک رووداوی خنکان هەبووە. هاوکات لەو ماوەیەدا 5515 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، شەش سووتان، 226 رووداوی جۆراوجۆر، یەک منداڵ بوون، 425 نەشتەرگەریی بچووک هەبوون، کەسێکیش تووشی تای خوێنبەربوون بووە.
 
لەبارەی کارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، لە رۆژانی جەژندا 35 شوێن ئامادە کرابوون بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی و بڕی 560 تۆن و 6000 تۆن زبڵ و پاشماوەى دیکەى هاووڵاتییان لەلایەن کرێکارانى ژینگەپارێزەوە کۆکرانەوە و لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە چارەسەر کرا.
 
لەبارەی ئەو ئاژەڵانەی لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر کراونەتە قوربانی، پارێزگای هەولێر دەڵێت، 1872 ئاژەڵ کراونەتە قوربانی کە 513ـیان ئاژەڵی گەورە و 1359ـیان ئاژەڵی بچووک بوون.
 
لە ماوەی حەوت رۆژدا زیاتر لە 113 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردووە
 
هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی حەوت رۆژدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لە رێگەی بازگە و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەوە زیاتر لە 113 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاری سلێمانی، 85%ی ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانییان کردووە گەشتیاری پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بوون، هاوکات گەشتیاری بیانی و وڵاتی ئێرانیشیان تێدابووە.
 
لە 25 حوزەیرانەوە تاوەکو دوێنێ 96 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە
 
رێوار محەممەد، گوتەبێژی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت, "لە 25ی حوزەیرانەوە تاوەکو 5ی تەممووز ئاماری هاتنی گەشتیاران تۆمار دەکەین، چونکە هێشتا رۆژانە گەشتیاران سەردانی پارێزگای دهۆک دەکەن."
 
بە گوتەی رێوار محەممەد، لە 25ی حوزەیران تاوەکو دوێنێ شەممە 96 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆکیان کردووە و پێشبینی دەکەن هاتنی گەشتیاران تاوەکو 5ـی تەممووز بگاتە زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار و دەڵێت، "گەشتیاران زیاتر لە پارێزگای موسڵ و پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە بوون."
 
گوتەبێژی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک گوتیشی، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار، یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆکیان کردووە کە 60 هەزار گەشتیاریان بیانی بوون و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دهۆک هاتوون.
 
لە چوار رۆژی جەژندا 100 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئاماری گەشتیارانی پارێزگاکە رایگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە، لەو ژمارەیە 75 هەزار گەشتیار لە پارێزگاکانی عێراق و 25 هەزار گەشتیار لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە هەر لە چوار رۆژی جەژندا تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە 13 سەرپێچییان تۆمارکردووە و بە پێبژاردن سزای ئەو بنکە و شوێنە گەشتیارییانەیان داوە کە پابەندی پاکوخاوێنی و نرخەکان نەبوون، 21 ئاگادارکردنەوەش بۆ شوێنی گەشتیاری، چێشتخانە و گەراجەکان کراوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، لە چوار رۆژی جەژنی قوربان تیمەکانیان 83 تۆن خۆڵ و خاشاکیان لە ناوچە گەشتیارییەکان پاککردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.