رووداو - هەولێر
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کۆنگرەی شەشەمی خۆی بەست و داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی لەنێوان هەموو حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
پژاک ئاماژەی بەوە داوە، لەم کۆنگرەیەدا چۆنییەتیی خەباتی هەموو دامودەزگاکانیان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و بەپێی پێداویستییەکانی تێکۆشانی داهاتوو رێکخراونەتەوە.
کۆنگرەی پژاک بۆ دووەمین خولی لەدوای یەک سیامەند موعینی و زیلان ڤەژینی وەک هاوسەرۆکەکانی پژاک هەڵبژاردووەتەوە.
کۆنگرەی شەشەمی پژاک لە رۆژانی 10 و 11 مانگی ئاداری 2020 لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام لەبەر رەوشی ئەمنی و دۆخی ناوچەکە درەنگتر ئەنجامەکانیان راگەیاندووە.
پژاک لەم کۆنگرەیەدا داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزیی لەنێوان هەموو حیزبە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، بۆ بەدیهێنانی بەستێنی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لەنێوان هەموو لایەنەکان هەوڵی بێوچان دەدات.
پژاک 4ی نیسانی ساڵی 2003 لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتیی کرێکارانی کوردستاندا لەسەر بنەما هزرییەکانی ئەو دامەزراوە.
پژاک لە راگەیێندراوی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی شەشەمیشدا جەختی کردووەتەوە، پرۆژەی عەبدوڵا ئۆجەلان، واتە کۆنفدراڵیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک، دەکاتە بنەمای تێکۆشانی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ