لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 23 هەزار نابینا و کەم بینا تۆمارکراون

16-10-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن نابینا رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری فەرمانگەی خۆشبژێویی ئێران، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا زیاتر لە 23 هەزار نابینا و کەم بینا تۆمارکراون و خزمەتگوزاریی تایبەت لەو فەرمانگەیە وەردەگرن.
 
فەرزانە بەهرامی، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی خۆشبژێویی پارێزگای سنە بۆ کاروباری شیاندن دەڵێت، لە سنووری ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان 4 هەزار و 818 کەسی نابینا و کەم بینا دەژین و لەو ژمارەیەش هەزار و 846 کەسیان ژن و 2 هەزار و 972 کەسەکەی دیکەیان پیاون.
 
فەرزانە بەهرامی رۆژی یەکشەممە (15-10-2023) گوتی، 50 خوێندکاری زانکۆ و 336 قوتابیی نابینا و کەم بینا لە پارێزگای سنە خەریکی خوێندنن؛ هەروەها 48 کەس لە نابینا و کەم بیناکان کارمەندی دامەزراوە حکومییەکانن.
 
حوسێن نوورعەلیوەند، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خۆشبژێویی پارێزگای ئیلام دەڵێت، 3 هەزار و 638 کەسی نابینا و کەم بینا لە سنووری ئەو پارێزگایە تۆمار کراون، کە لەو ژمارەیە 2 هەزار و 208 کەسیان لە رەگەزی نێر و هەزار و 430 کەسەکەی دیکە لە رەگەزی مێن.
 
بەگوتەی حوسێن نوورعەلیوەند، پارێزگای ئیلام خاوەنی 18 هەزار کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەتە کە نابینایان 20٪ـی ئەو کەسانە پێکدەهێنن.
 
سەبارەت بە ئاماری نابینایان لە پارێزگای کرماشان، بەهزاد شەهبازی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خۆشبژێویی ئەو پارێزگایە دەڵێت، لە سنووری ئەو پارێزگایەدا 6 هەزار و 271 کەسی نابینا و کەم بینا تۆمارکراون و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی ئەو دامەزراوەیە وەردەگرن.
 
بەهزاد شەهبازی رۆژی یەکشەممە گوتی، لەو ژمارەیە 4 هەزار و 100 کەس لە رەگەزی نێر و 2 هەزار و 171 کەسەکەی دیکە لە رەگەزی مێن.
بە پێی ئاماری فەرمی، لە پارێزگای لوڕستانیش زیاتر لە ٩ هەزار کەسی نابینا و کەم بینا هەن.
 
نیگار فەتحی بەیرانوەند، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی خۆشبژێویی پارێزگای لوڕستان بۆ کاروباری شیاندن رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارەی لای ئەوان تۆمارکراوە، لە سنووری پارێزگاکە 9 هەزار و 152 کەسی نابینا و کەم بینا هەن.
 
بە گوتەی نیگار فەتحی، 34٪ـی ئەو کەسانە لە رەگەزی مێ و 66٪ـیشیان لە رەگەزی نێرن.
 
ئاماری ئێستای ژمارەی نابینایان لە پارێزگای ورمێ رانەگەیێندراوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارەی پەروین محەمەدپووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خۆشبژێویی پارێزگای ورمێ لە 29ـی تشرینی یەکەمی 2022 رایگەیاند، لە سنووری ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان 6095 کەسی نابینا و کەم بینا تۆمار کراون و لە دامەزراوەکەیان خزمەتگوزارییان پێشکێش دەکرێت، کە لەو ژمارەیە 3903 کەس لە رەگەزی نێر و 2192 کەسیش لە رەگەزی مێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە