ژینا ئەمینی یەکێکە لە سێ بەربژێری کۆتایی بردنەوەی خەڵاتی ساخارۆڤ

13-10-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی کوردستان ژینا ئەمینی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی ئەوروپا سێ بەربژێری کۆتایی خەڵاتی ساخارۆڤی ئەم ساڵی بۆ ئازادیی بیرکردنەوە راگەیاند، کە بریتین لە ژینا ئەمینی و "بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران، ڤیلما نونیز دی ئێسکۆرسیا و رۆلاندۆ خۆسێ ئەلڤارێز لە نیکاراگوا.
 
ژینا ئەمینی، کچە کوردەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵی رابردوو دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا و ناڕەزایەتی بەرفراوانی لە ئاستی نێوخۆی ئێران و جیهانی لێکەوتەوە، لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بەربەژێر کرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤی یەکێتیی ئەوروپا.
 
پەرلەمانی ئەوروپا رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 رایگەیاند، ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە لیستی سێ بەربژێری کۆتاییدان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی ساخارۆڤی یەکێتیی ئەوروپا کە ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەسانە یان ئەو گرووپانەی کە دژی ستەمکاری و بۆ بەرگریکردن لە ئازادی رادەربڕین چالاکیی بەرچاویان هەبووە.
 
بەگوێرەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، خەڵاتی ساخارۆڤ، ساڵانە بۆ "رێزلێنان لە تاک و رێکخراوە ناوازە و دیارەکان کە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکەن" دەبەخشرێت. لە ساڵی 2022، خەڵاتەکە بە خەڵکی ئۆکراینا درا.
 
دەیڤید مەک ئەلیستەر، سەرۆکی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا گوتی، "هەڵبژاردنی ژینا و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی وەک یەکێک لە سێ بەربژێری سەرەکی بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ، دانپێدانانە بە خەباتی بوێرانەی ئەوان بۆ مافەکانی ژنان."
 
بڕیارە رۆژی 19-10-2023، براوەی ئەم ساڵی خەڵاتی ساخارۆڤی یەکێتیی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرا بکرێت.
 
ژینا لەلایەن سێ گرووپی پەرلەمانی ئەوروپییەوە، پارتی گەلی ئەوروپا، گرووپی سۆسیالیستەکان و دیموکراتەکان و گرووپی ئەوروپا نوێ بکەنەوە، بەربژێرکراوە و ئەگەر خەڵاتەکەی پێ بدرێت، دەبێتە سێیەم کچی کورد لە دوای نادیە موراد و لەمیا بەشار خەڵاتەکە بباتەوە.

 

 
دوو كچە كوردە ئێزدییەکەی رزگاربووی دەستی داعش، نادیە موراد و لەمیا بەشار لە ساڵی 2016 خەڵاتەکەیان بردەوە.
 
ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 سەردانی تارانی پایتەختی ئێران کرد و لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا بە تۆمەتی ئەوەی کە باڵاپۆشییەکەی "گونجاو نییە". ژینا دوای چەند رۆژێک گیانی لەدەستدا کە ئەو کات باوکی بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی لێدانییەوە بووە لەلایەن پۆلیسەوە. ئێران هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و راپۆرتێکی پزیشکی بڵاوکردەوە کە گوایە دەیسەلمێنێت کچەکە لێی نەدراوە و بەشێوەیەکی سرووشتی گیانی سپاردووە.
 
دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، خۆپێشاندانی بەرفراوان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دروستبوو کە ژنان رۆڵی گەورەیان تێدا دەگێڕا، لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، ناڕەزاییان دەربڕی.
 
بەربژێرانی دیکەی خەڵاتەکە بریتین لە ڤیلما نونێز دی ئێسکۆرسیا و قەشەی رۆمانی کاسۆلیکی، مۆنسینۆ رۆلاندۆ خۆسێ ئەلڤارێز لاگۆسیان لە نیکاراگوا کە لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا رۆڵی کاریگەرییان هەبووە.
 
پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاندووە، "نونیز دەیان ساڵە خەبات بۆ مافی مرۆڤی خەڵکی نیکاراگوا دەکات. سەرەڕای گۆشەگیرکردنی، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە. ئەلڤارێز، قەشەی ماتاگالپا، یەکێک بووە لە رەخنەگرانی راشکاوانەی رژێمی سەرۆک دانیال ئۆرتیگا. لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، دوای ئەوەی کە رەتیکردەوە وڵات جێبهێڵێت، سزای 26 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و وڵاتینامەکەیشی لێ وەرگیرایەوە."
 
خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادیی بیرکردنەوە، خەڵاتێکی ساڵانەیە و لە ساڵی 1988ـەوە بە داکۆکیکارانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەدرێت. خەڵاتەکە بە ناوی ئەندرێی ساخارۆڤ، فیزیاناس و پەنابەری سیاسیی سۆڤیەتییەوە کراوە و 50 هەزار یۆرۆ بە براوەکانی دەدرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".