رووداو دیجیتاڵ
تەنیا 20 سانتمەتر مابوو بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بێت، بەڵام بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، سەرڕێژبوونی بەنداوەکە دوادەکەوێت.
ئێوارەی هەینی (27ـی نیسان) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز راگیرا و بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانیش کەم بووەوە.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا بەردانەوەی ئاو زیاتر بووە، چونکە لە ئەنجامی ئەو کێشانەی لە کێڵگەی کۆڕمۆر روویاندا، دەستیانکردووە بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ویستگەی کارۆئاویی بەنداوەکە.
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، ئێستا بەنداوی دەربەندیخان 30 سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون.
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پێشتر تەنیا یەک یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا کاری دەکرد، ئێستا دوو یەکە کار دەکەن، ئەوەش وایکردووە ئاوی زیاتر بەربدرێتەوە. ئێستا بەردەوام 160 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت."
لە ئەگەری سەرڕێژبوونی بەنداوەکە، قایمقامیێتی دەربەندیخان هۆشداری بڵاوکردەوە و داوایان لە خەڵک کردووە لە رووباری سیروان و شوێنە گەشتیارییەکان دووربن، بەڵام بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان تاوەکو ئێستا هاووڵاتییان لە شوێنە گەشتیارییەکانن.
هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانی لە نزیکەی 3500 مێگاواتەوە بۆ 1000 مێگاوات کەمکردەوە.
رۆژی 30-04-2024 ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کارەبایە بە رووداوی گوت "وێستگەکانی خورمەڵەی گازی، گەرمیانی گازی، لەگەڵ هەموو وێستگەکانی دیکە کە بە نەوتی رەش و گازوایل کاردەکەن، هەروەها بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخانمان بەگەڕخستەوە، هەموو ئەوانە وایکرد بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیەنینە نزیکەی 1600 مێگاوات."
لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە هەن. بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوی دەربەندیخان، توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بەنداوی دهۆکیش توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ