رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شارۆچكەی تارسوسی سەر بە پارێزگای مێرسین لە تورکیا، چوار کەس بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 1ـی کانوونی یەکەمی 2023 لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مێرسین دەستیپێکرد، دوای ئەوەی بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەشداریکردن لە چالاکییەکانی کۆبانێ لە ساڵانی 2014 و 2016دا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ چوار کەس دەرکرد.
60 کەس لە تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی مێرسین و پۆلیسی پارێزگاکە، بەرەبەیانی زوو بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی تووند، هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ کە پێشتر دەستنیشان کرابوون و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان چوونە ژوورەوە.
لە ئۆپەراسیۆنەدا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێنرا، چوار داواکراوەکە دەستگیرکران و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لە باکووری کوردستان و تورکیا، هێزە ئەمنییەکان بە پاساوی "پەکەکە" ماوە ماوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵان، هاونیشتمانیان و سیاسەتڤانانی کورد دەستبەسەر دەکەن. بەشێک لەوانەی دەستگیردەکرێن ئەندام و لایەنگری هەدەپ و هەدەپەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ