بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی رێختەر مەلەتیی هەژاند

01-12-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی رێختەر پارێزگای مەلەتی لە باکووری کوردستانی هەژاند.
 
بەگوێرەی راگه‌یێندراوێكی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد)، کاژێر 03:18 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 1ـی کانوونی یەکەمی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی ئارگان لە پارێزگای مەلەتی تۆمارکراوە. بەگوێرەی ماڵپەڕی (ئافاد)، بوومەلەرزەکە بە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر روویداوە. 
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا رایگەیاندووە، بوومەلەرزەکە ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکدا دروستکردووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زەرە و زیانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە. 
 
لەدوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی ئەم ساڵەوە کە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا و زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند، زیاتر لە 10 هەزار پاشلەرزە لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە 50 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 6 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدا. 
 
 

 

 

 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە