رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی ئامادەنەبوونی هەندێک سەرکردەی حیزبەکەی لە کۆنگرەی پێنجەمدا دەڵێت، "لەگەڵ ئەو برادەرانە هەموویان قسە دەکرێت، هەوڵی ئەوە دەدرێت بارودۆخەکە رێکبخرێتەوە و لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندی بەردەامە، پێموایە ئەو بابەتە قابیلی چارەسەرکردنە."
رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023 سەعدی پیرە، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوان بووڵتەنی کاژێر 20:00 بوو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات و لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەی گوتی، "کۆنگرەکانی پێشووی یەکێتی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی باڵە جیاجیاکانی ناو یەکێتی بوو وەکو کۆمەڵە، سۆسیالیست و هێڵی گشتی، بۆیە ئەم یەکگرتنەوە کاتی ویست تاوەکو یەکێتی ببێتەوە بە هێزیكی سیاسی."
بە گوتەی سەعدی پیرە، سەرەڕای ئەو جیابوونەوانەی چەندینجار لەنێو یەکێتی دروست بوون، "رەگ و ریشەی یەکێتی ئەوەندە قووڵە هیچ یەکێک لەوانە نەبووە هۆی ئەوەی بشکێت، رەنگە یەک دوو کورسی لەدەست دابێت، رەنگە گۆڕان جارێک 25 کورسی و لە یەکێتی زیاتری هێنابێت، بەڵام چی بە چی کرد؟ هیچی بە هیچ نەکرد، نەوەی نوێش کەمێ هەڵپە دەکات، بەڵام چی بە چی کرد؟ هیچ بە هیچ ناکات. بۆیە ئەوەی خەون دەبینێت بەوەی یەکێتی بێهێزە، لاوازە و کیشەی هەیە خۆی هیلاک نەکات".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، "ئەگەر دەیان باڵیش هەبن، لە کاتی شەڕدا یەک دەنووکین، یەکێتی سەرەتای مانگی ئەیلوول بڕیاریدا کۆتایی مانگ کۆنگرە بکات، خەڵکێک هەبوو ئێمەی بەشێت بینیبوو و دەیگوت ئەو هەموو کێشەیە هەیە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان هەیە چۆن کۆنگرە ئێستا سەردەکەوێت، بەڵام بە پێچەوانە گفتوگۆی یەکێتی بەوشێوەیە بوو ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە لە ئەنجامی کۆنگرەی چوار هاتبووە نێو یەکێتی، لێکتێنەگەیشتنەکانی نێو سەرکردایەتی و کێشەکانی هەرێمی کوردستان هیچ دەرچەیەکی بۆ یەکێتی نەهێشتبووە جگە لە بڕیاردان بۆ کۆنگرە."
لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کۆمەڵێک سەرکردەی دیاری ئەو حیزبە ئامادەنەبوون، بە تایبەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندییەکان، هاوکات کۆمەڵێک ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیش. لەوبارەوە سەعدی پیرە گوتی، "کۆنگرە کۆتایی دنیا نییە، ئەوانەی نەهاتوون رەنگە دەیان کۆنگرەیان بینیبێت، یەکێک لە کارەکانی ئەو کۆنگرەیە ئەوەیە، لەگەڵ ئەو برادەرانە هەموویان قسە دەکرێت، هەوڵی ئەوە دەدرێت بارودۆخەکە رێکبخرێتەوە و لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندی بەردەامە، پێموایە ئەو بابەتە قابیلی چارەسەرکردنە."
رۆژی 27-09-2023، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەمی بەست کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو، یەکەم رۆژی کۆنگرە چەندین میوان بەشداربوون یەکێک لەوانە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە گوتارێکی پێشکێشکرد.
لەبارەی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی لە نێو کۆنگرەی یەکێتی سەعدی پیرە گوتی، "بە ناوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوو، گوتارێکی ئێجگار زۆر نایابی پێشکێشکرد، بۆ خۆمان لە ناوخۆ، بۆ پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، پاشان بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق؛ رووی کردە سیاسەتمەندارانی عێراق و پێیگوتن کە سەقامگیری لە عێراق بەبێ سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان نابێت، ئەو بەلایەوە سەیرە بۆ دوو کاخەزێک مووچەی خەڵک رابگیرێت و بکرێتە بارمتە، مووچەخۆر نابێت بکرێنە بارمتە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ