مەترسییەکی دیکە لە دادگەی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان؛ رەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمان پەک بخات

01-10-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی پەرلەمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەترسیی هەیە، بڕیارێکى دیکەی دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیش پەکبخات، لەکاتێکدا لە ماوەى دوو ساڵدا 35 سکاڵا لە دژى هەرێمى کوردستان لەو دادگەیە تاوتوێکراون و شەش بڕیارى لە دژى هەولێر لێکەوتووەتەوە.
 
پەکخستنی دامەزراوە یاسایی و چاودێرییەکانی کوردستان
 
رۆژی 24ـی ئەیلوولى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆتایی بە کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هێنا، ئەویش لە رێگەى هەڵوەشاندنەوەى مادەیەکى هەموارکراوى یاساى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە پەرلەمان پەسندکراوە.
 
مادە تانە لێدراوەکە بریتییە لە مادەى دووى هەموارکراوى یاساکە، لە ساڵى 2019 لە پەرلەمانى کوردستان دەنگى لەسەر دراوە و دەڵێت "لەکاتى کۆتاییهاتنى وادەى یاسایی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە کارەکانیان بەردەوام دەبن تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت."
 
لە 30ـی ئایارى 2023، دادگە بڕیارێکى هاوشێوەى دەرکرد و بەهۆیەوە پەرلەمانى کوردستان کە تەمەنی کارکردنی بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردبووەوە هەڵوەشاندەوە، دادگەکە یاسای درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى بە نادەستوورى زانى، ئەوەش وایکرد کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان هەڵبوەشێتەوە، کە بەهۆیەوە ناچار هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ـی شوباتى 2024 رادەستى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کرا، تاوەکو سەرپەرشتی بکات.
 
36 سکاڵا لە دوو ساڵدا 
 
لە مانگى کانوونى دووەمی 2023 تاوەکو 18ـی تشرینى یەکەم، 19 سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە دژى هەرێمى کوردستان تاوتوێکراون، سێ لەو سکاڵایانە لە دژ و 10ـیان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان یەکلابوونەتەوە، شەش سکاڵاکەی دیکەش هێشتا یەکلانەکراونەتەوە.
 
لە ساڵى 2022ـدا، 16 سکاڵا لەدژى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون و سێیان لە دژى هەرێمى کوردستان بڕیار لەبارەیانەوە دراوە، کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بوو، 10 سکاڵایان رەتکراونەتەوە، ئەوانى دیکە کەوتوونەتە ساڵى 2023.
 
ئەو سێ بڕیارەى ئەمساڵ دژى هەرێمى کوردستان لە دادگەى باڵاى فیدراڵى دەرکراون، بریتین لە؛ رێگرى لە ناردنى پارە بەشێوەى راستەخۆ لە وەزارەتى دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان، بەبێ پابەندبوونى هەرێمى کوردستان بە مەرجەکانى نێو یاساى بودجە، دووەکەى دیکە نادەستووریبوونى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان بوو. 
 
لەدواى دوو بڕیارەکەى دیکە، هیچ دامەزراوەیەکى یاسادانان و چاودێرى هەڵبژێردراو لە هەرێمى کوردستان نامێنێت، یان لانیکەم تاوەکو مانگى دووى 2024 پەرلەمان نابێت.
 
چیرۆکى 55 ساڵەى دادگەى فیدراڵى
 
لە 26ـی شوباتى 1968ـدا، بە مەرسوومێکى کۆمارى، دادگەى دەستوورى لە عێراق پێکهێندرا، کە لە نۆ ئەندامى سەرەکى و چوار ئەندامى یەدەگ پێکهاتبوون، ئەو ئەرکەیان هەبووە کە ئێستا دادگەى باڵاى فیدراڵى هەیەتى، بەڵام ئەو رۆڵەى ئێستاى نەبووە.
 
لەدواى ساڵى 2003 و رووخاندنى رژێمى بەعس لە عێراق، زۆربەى دامەزراوەکانیشی هەرەسیان هێنا، یان پەکخران بەو دادگەیەشەوە، لە ساڵى 2004 و بەگوێرەى مادەى 44ـی یاسای بەڕێوەبردنى دەوڵەت، کە نیمچە دەستوورێکى کاتى بوو، تاوەکو دەستوور لە ساڵى 2005 دەرکرا، دادگەى باڵاى فیدراڵى پێکهێندرا و یاساکەى لە 2005 پەسندکرا.
 
ئەو دادگایە لە نۆ ئەندام پێکدەهات، کە بەسەر پێکھاتەکاندا دابەش بوون، بەڵام شیعە زۆرینەبوون تێیدا.
 
کێشەکە ئەوکاتە سەریهەڵدا، لە ساڵى 2021 کاتێک یەکێک لە دادوەرەکانى کۆچى دواییکرد و یەکێکى دیکە خانەشنین کرا و ئەندامى یەدەگیان نەبوو جێگەیان پڕبکاتەوە، بەهۆیەوە نەیدەتوانى لەسەر کێشە دەستوورییەکان و ئەو سکاڵایانەى پێشکەشی دەکران، کۆببێتەوە، نەشدەتوانرا پێکهاتەکەى دەستکارى بکرێت، لە بەرئەوەى دادوەرى یەدەگیان نەبوو. 
 
ئەم پرسە پێویستى بەوە بوو یاساکەى هەمووار بکرێتەوە تاوەکو ئەندامى نوێ بە یەدەگەوە بۆ دادگەکە دابندرێن، لەساڵى 2021 پەرلەمان هەموارى یاسای دادگەى باڵاى فیدراڵى پەسند کرد، کە لەسەر ئەو بنەمایە ئەم دادگەیەى ئێستا پێکهات.
 
دادگاى ئێستا لە نۆ ئەندام پێکدێت، چوار ئەندامى شیعە، سێ ئەندامى سوننە، دوو ئەندامى کوردن، لەگەڵ سێ ئەندامى یەدەگ کە هیچیان کورد نین، واتە هەر چوونە دەرەوەى دادەوەرێکى کورد لەبەر هەر هۆکارێک بێت، هاوکێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت بۆ بڕیاردان بەتایبەت لەو پرسانەى تایبەتن بە هەرێمى کوردستان. 
 
بەگوێرەى یاساى دادگاى فیدراڵى، بڕیارەکان بە زۆرینەى سادە دەدرێن لەلایەن دادوەرەکانیەوە، واتە 50 کۆیەکى ئەندامەکانى کە دەکاتە پێنج ئەندام، بەڵام ئەگەر سکاڵاکان لەو پرسانەدا بن کە تایبەتن بە ناکۆکى نێوان حکومەتى فیدراڵى و هەرێم و پارێزگاکان، پێویستى بە رەزامەندى دوو لەسەر سێى ئەندامانى دادگاکەیە، کە دەکاتە شەش ئەندام، کەوابێت دادوەرى کورد لە هیچ بارێکدا ناتوانن رێگر بن.
 
ئازاد دۆسکى، یەکێکە لەو پارێزەرانەى سکاڵاى لە دژى شێوازى پەسندکردنى یاسای دادگەى باڵاى فیدراڵى لەو دادگەیە تۆمارکرد و، 13ـی ئەیلوول رەتکرایەوە، لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى "دەبوو یاساى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە پەرلەمان بە دەنگى دوو لەسەر سێ پەسند بکرایە، بەڵام بە دەنگى نیوە کۆ یەک تێپەڕێندراوە."

 

 
 
ئازاد دۆسکى دەڵێت "پاساوى دادگاى باڵاى فیدراڵى بۆ رەتکردنەوەى سکاڵاکەم ئەوەبوو؛ پێشتر سکاڵاى هاوشێوەى رەتکردووەتەوە، بەڵام چوار بڕیارم خستە بەردەم ئەو دادگەیە، کە پێشتر خۆى دەریکردوون و دواتر بە بڕیارى دیکە لێى پەشیمان بووەتەوە."  
   
ئەگەرى بڕیارێکى مەترسیدار 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1-10-2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى دوابڕیار لەسەر سکاڵایەک لە دژی هەرێمی کوردستان دەدات، کە رەنگە کاریگەرىی نەرێنیى ئەنجامەکەى کەمتر نەبێت لە بڕیارەکانى پێشوو.
 
دوو سکاڵا، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرا بوون، یەکخراون. سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
عەبدولقادر ساڵح، راوێژکارى یاسایی لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى "سێ لەو مادانەى کە تانەیان لێدراوە، مادەى رێوشوێنین بەبێ ئەو ماددانە ناتوانیت هەڵبژاردن بکەی، لەوانە ژمارەى کورسییەکان و بازنەى هەڵبژاردن، بۆیە ئەگەر وابێت دەکەوینە بارى ئەستەمی یاسایی ئیدى ناتوانرێت هەنگاو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان بنێین، بەبێ ئەوەى بزانین چەند ئەندامى پەرلەمان هەیە و بە چەند بازنە هەڵبژاردنەکە دەکەیت."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێخ عەلی شێخ ئیلیاس، بابەشێخی کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان

بابەشێخی کوردانی ئێزدی پیرۆزبایی کریسمس لە کریستیانەکان دەکات

بابەشێخی کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان لە پەیامێکیدا دەڵێت، پێویستە ئاشتی لە سەرتاسەری جیهاندا بچەسپێت و پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم ئایین و نەتەوە و مەزهەبەکانی کوردستان و عێراق پتەوتر بکرێت.