دادگەى فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵای تایبەت بە دواخستنى هەڵبژاردن لە کەرکووک تاوتوێ دەکات

27-11-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتال

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات کە تایبەتن بە دواخستنى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک تاوەکو دواى وردبینیی تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاکە. راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، "وردبینى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک کۆتاییهاتووە و تانەى لێنەدراوە."
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 27ى تشرینى دووەم) دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتنى لەبارەى دوو سکاڵا دەکات کە تێیاندا داوا کراوە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کەرکووک دوابخرێت تاوەکو وردبینیی تەواو لە تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووکدا دەکرێت.
 
سکاڵاکان لەلایەن نەجاح حەسەن ئیبراهیم، ئەندامی لیستى قیادەى سوننە و سەفوەت ساڵح، ئەندامی لیستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو تۆمارکراون کە هەردووکیان بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک و داوا دەکەن؛ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژارنەکانی عێراق ناچار بکرێت هەڵبژاردن لە کەرکووک دوابخات تاوەکو دواى وردبینیکردن لە تۆمارى دەنگدەرانی پارێزگاکە. 
 
حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ کاروبارى بەربژێران، ئەمڕۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "وردبینى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک کۆتاییهاتووە و ئەو لیژنەیەى وردبینیی کردووە، راپۆرتى بەرزکردووەتەوە و لەو ماوەیەى دیاریکرابوو بۆ تانەلێدانى، هیچ تانەیەک لە ئەنجامى ئەو وردبینییە نەدرا."
 
حەسەن ئەبو مەسار گوتیشى، "بەو پێیەى لە ماوەى دیاریکراودا بۆ تانەدان، تانە لە تۆمارى دەنگدەران و ئەنجامى وردبینییەکە نەدرا، پێشبینی دەکرێت سکاڵاکان لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە رەتبکرێنەوە."
 
یەکەم جارە لە دواى 18 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک بکرێت کە یەکێک لە هۆکارەکانى دواخستنى ناکۆکى بوو لەسەر تۆمارى دەنگدەرانى.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 15 کورسیە؛ ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاکە 870 هەزار و 920 دەنگدەرە؛ 813 هەزار 590ـیان گشتین و 57 هەزار و 330ـیشیان لە دەنگدانى تایبەت بەشدار دەبن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.