یاسایەکى "پوچەڵکراو" هۆکارى بڕیارى دادگەى فیدراڵى بووە بۆ ئەرکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن

06-03-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى دەقى نووسراوى فەرمی بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، رێگەدان بە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەبەر هەڵوەشاندنەوەى یاسایەکى پێشووى ئەو کۆمیسیۆنە بووە، کە لە یاساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پشتى پێبەستراوە.
 
بەرپرسێکى یاسایى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت "ئەگەر ئەو بڕگەیە بمایە، کۆمیسیۆنەکەى بەغدا نەیدەتوانى سەرپەرشتیی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات، ئەو ئەرکەى کۆمیسیۆنیش تەنیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەبێت."  
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى دەقى نووسراوى فەرمى بڕیارەکانى بۆ هەڵوەشاندنەوەى چەند مادەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڵاوکردەوە.
 
ئەو بڕیارە، پێشتر بە زارەکى لە 21ـی شوباتى 2024 لەلایەن جاسم عمێرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵى خوێندرایەوە، بەڵام بەفەرمى بڵاوی نەکردەوە.
   
کورتەى دەقى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە بارەى سکاڵاى دژ بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: 
 
یەکەم: دەستەواژەى 11 کورسی لە یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان نادەستوورییە و دەستەواژەکە دەکرێت بە "پەرلەمانى کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت."
 
دووەم: دەستەواژەیەک بە نادەستوورى داندراوە کە لە بڕگەى یەکەمى مادەى شەشەمى دووبارە هاتووە، کە باس لەوە دەکات بەگوێرەى بڕگەى چوارى مادەى دووى یاساى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ژمارە 11ـی ساڵى 2007، ئەو کۆمیسیۆنەى عێراق جێگەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان دەگرێتەوە، تاوەکو دەستەى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمى کوردستان پێکدەهێندرێت. 
 
ئارام جەمال، ئەندامى دەستەى کارگێڕیى پەیمانگەى کوردى بۆ هەڵبژاردن بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو یاسایەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە ساڵى 2007 دەرکرا، دواتر پوچەڵ کرایەوە، کاتێک لە ساڵى 2019 یاسایەکى دیکە لە پەرلەمانى عێراق دەرکرا، کە تایبەتە بە پێکھێنانى ئەو کۆمیسیۆنە.
 
بەگوێرەى مادەى 25ـی یاساى ژمارە 31ـی ساڵى 2019ـی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەو یاسایە پوچەڵکراوەتەوە، کە لە ساڵى 2007 دەرکراوە و تایبەت بوو بە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کە لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا ئاماژەى پێدرابوو. دادگە یاساکەی 2007ـی بە نادەستووری داناوە.   
 
شەرمین خدر بەهجەت، بەڕێوەبەرى  کاروبارى یاسایى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بە نادەستوورى دانانى ئەو بڕگەیە لەبەرئەوەیە یاساى ساڵى 2007ـى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق هەڵوەشێندراوەتەوە و، تاوەکو کۆمیسیۆنى ئێستا بتوانێت بەگوێرەى یاساى ساڵى 2019 سەرپەرشتى ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى کوردستان بکات.
 
شەرمین خدر بەهجەت گوتیشى "لەدواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، یاساى هەڵبژاردنەکەی هەمواردەکرێتەوە و کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان کارا دەکرێتەوە.
 
سێیەم: هەڵوەشاندنەوەى مادەى نۆى هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان کە پێشتر لە هەموارى ساڵى 2004 لادراوە و تایبەتە بە بازنەکانى هەڵبژاردن و لەبرى ئەوە دەبێت دەستەواژەکە بکرێت بەوەى، کە هەرێمى کوردستان دابەش دەکرێت بەسەر چەند ناوچەیەکى هەڵبژاردن، کە لە چوار ناوچە کەمتر نەبێت.
 
چوارەم: مادەی 13ـی هەموارى حەوتەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان نادەستوورییە، بەگوێرەى ئەو هەموارە مادەیەکى پێشووى یاساکە هەڵوەشێندراوەتەوە، بەوپێیەش مادەکەى پێشوو دەگەڕێندرێتەوە و کارى پێدەکرێت کە باس لەوە دەکات فەرمانگەى بارى شارستانى کارتى دەنگدان دەدات بەو کەسەى 18 ساڵ تەمەنى تەواو کردبێت. 
 
پێنجەم: دوو دەستەواژەى مادەى 22ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستوورى زانیوە، کە تایبەتن بەوەى لیست بۆ هەڵبژاردن لەسەر ئاستى کوردستان هەبێت و بەربژێرانى هەر لیستێک لە سێ کەس کەمتر نەبن.
 
لە برى ئەوە دادگە داڕشتەکەى گۆڕیوە بەوەى، کە هەموو پێکھاتەیەکى سیاسى لە هەرێمى کوردستان لیستێکى هەبێت، کە رێژەى ژنان تێیدا 30% کەمتر نەبێت و ریزبەندى بەربژێرەکانیش لە لیستەکاندا بەوشێوەیە بن، کە گەرەنتى رێژەى نوێنەرایەتى ژن بکات لە پەرلەمان.
 
شەشەم: چەند مادەیەک و بڕگەیەکى یاساکە رەتکراونەتەوە، لەوانە مادەى شەشەم و حەوتەمى یاساى هەڵبژاردن کە  تایبەتن بە دەرکردنى یاسایەک بۆ پێکهێنانى دەستەیەکى باڵا بۆ سەرپەرشتى هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنى کارەکانى هەڵبژاردن و  دیاریکردنى شێواز و چۆنێتى سەرپەرشتیکردنەکە، هەروەها دوو بەندى بڕگەى یەکەمى مادەى 36 هەڵوەشێندراوەتەوە کە تایبەتە بە دابەشکردنى دەنگى کورسی کۆتاکان و چۆنێتى بەدەستهێنانى کورسییەکان. 
 
مادەى 36ـی دووبارەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمان کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە کە تایبەتە بە تەرخانکردنى کورسی کۆتاکانى تورکمان، کریستیان و ئەرمەن، کە ژمارەیان 11 کورسییە.
 
هەروەها بڕگەی دووەمى مادەى 56ـی یاساى هەڵبژاردن لەلایەن دادگەى فیدراڵییەوە رەتکراوەتەوە کە تایبەتە بە دەسەڵاتى پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر رێککەوتنەکان و یەکلاکردنەوەى کێشە چارەنووسسازەکان و دیاریکردنى پەیوەندیی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتى ناوەندى.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە ساڵى 2005 پەرلەمانى کوردستان بڕیارێکى دەرکردووە و هەمان ساڵ لە رۆژنامەى وەقائیعى کوردستان بڵاوکراوەتەوە کە پەرلەمانى کوردستان بە مەرجەعى سیاسى و دەستوورى بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان و دیاریکردنى پەیوەندى دەستوورى لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى داناوە.  
 
مادەى 58ـی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان یەکێکى دیکەیە لەو ماددانەى کە دادگەى فیدراڵى هەڵیوەشاندووەتەوە، مادەکە ئاماژە بەوە دەکات کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، جێگەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان دەگرێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى خولى دووەمى پەرلەمان کە لەنێوان 2005 بۆ 2008 بووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە