رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە و پارتی چەپی سەوز-بەبۆنەی یەکی ئەیلوول، رۆژی جیهانی ئاشتی، لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان گرددەبنەوە.
گردبوونەوەکە ئەمرۆ هەینی، کاژێر 16:00 لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆن بە دروشمی "بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی ژیانێکی یەکسان و ئازاد" دەستپێدەکات.
رۆژێک بەر لە گردبوونەوەکە، پەرلەمانتارانی یەسەپە لە شاری ئامەد بڵاوکراوەیان دابەشکرد و داوایان لە خەڵک کرد بەشداری لە گردبوونەوەکەدا بکەن.
هەریەک لە بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک-کەجەدە و چیدەم کڵچگون ئوچار، هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوز-یەسەپە لە گردبوونەوەکە گوتار پێشکەش دەکەن.
بەهۆی سازدانی گردبوونەوەکە ئەمڕۆ هەینی لە ناوەندی شاری ئامەد چەند رێگایەک بە رووی هاتووچۆدا دادەخرێن.
پارێزگای ئامەد رۆژی پێنجشەممە، 31ـی ئابی 2023 راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە رێگایانەدا کە کۆتاییهاتنی گردبوونەوەکە بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ